ئەنقەرە
پاڵێوڕاوی ئاک پارتی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا، عیسمەت یڵماز لەگەڵ ھاوسەرۆکی ھەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش کۆبووەوە.
عیسمەت یڵماز لەگەڵ جێگری سەرۆکی گشتی ئاک پارتی بەشیر ئاتاڵای و سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی، ئەحمەد ئایدن لە ناوەندی گشتی ھەدەپە، لە لایەن سەرۆکی فراکسیۆنی ھەدەپە، ئیدریس باڵوکەن پێشوازی لێکرا.
ھاوکات کۆبوونەوەی نێوان دەمیرتاش و یڵماز نزیکەی ٢٠ خولەکی خایاند و لە دوای ئەمەش یڵماز بە رۆژنامەوانانی راگەیاند کە لە چوارچێوەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان سەردانی پارتەکان دەکەن.
راشیگەیاند کە دەمیرتاش ئاماژەی بەوە داوە کە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیران، گشت پارتەکانی ناچارکردووە کە رێککەوتن ئەنجام بدەن و ھاوکات ئەوانیش ھەڵوێستی یەکریزی و چارەسەری کێشەکان پیشان دەدەن.
یڵماز راشیگەیاند کە ھەر پارتێک پاڵپێوراوی خۆی ھەیە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و ھاوکات دەمیرتاش راشیگەیاندووە و کە لە خولی یەکەم و دووەم ھەڵبژاردنەکە پاڵپشتی لە پاڵێوراوی خۆیان دەکەن و لە دوای ئەمەش بە گوێرەی ئەنجامەکان رێککەوتن ئەنجام دەدەن.