ئەنقەرە
لە دوای کۆبوونەوەی دوو قوڵی نێوان ئەحمەد داودئۆغڵو و جەواد زەریف وەزیرانی دەرەوەی ئێران، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشیان سازدا.
لەبەرامبەر رەوشی سوریا داودئۆغڵو رایگەیاند: "لە نێوان ئێران و تورکیا بە تایبەت پرسی داھاتووی سوریا، ئێستا گەیشتوونەتە جۆرێک لە ھاوڕایی و ماوەی دوو ساڵ و نیوە لەگەڵ ئێران لە وتووێژدان بۆ گەیشتنە رێکەوتنێک لەسەر پرسی سوریا."
داودئۆغڵو گوتی: "پاراستنی یەکڕیزی خاکی سوریا و ئاشتی لەو وڵاتەدا، یەکێ بووە لە ئەولەویاتی ڕێککەوتنەکانمان، خۆزگە پێشتر ئەو ڕێچارانەی ھەمان بوو بۆ سوریا گوێیی لێبگیرایە ئێستا رەوشەکە بەو شێوەیە نەدەبوو."
داودئۆغڵو جەختیکردەوە نیگەرانن بەڕەوشی سوریا گوتی: "ئەوەی لەسەر شانمان بووبێ کردوومانە، لە خۆگرتنی ٦٠٠ ھەزار ئاوارە تورکیا، گەواھیدەری ئەو دۆخەیە. لەگەڵ ئێراندا لەسەر ھاریکارییکردنی ئەو دۆخە ئینسانیانەش ڕێکەوتووین ھەروەک چۆن باوەشمان بۆ کورد کردەوەلە کاتی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی دا لەلیەن سەدام حوسێن لە ساڵی ١٩٨٨ ئێمە بەردەوام دەبین لە ھاریکارییکردنی لێقەوماوان لە ھەرکوێیەکبن."
لە بەشێکی تری کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا جەواد زەریف، وەزیرەی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: لەگەڵ تورکیا لە زۆر خاڵدا ھاوڕان لەسەر پرسی سوریا، لەوانە کۆتایی ھێنان بە شەڕ و بریاردانی خەڵکی سوریا لەسەر سندوقی دەنگدان ھەروەھا ھاریکاریی بەردەوامی ڵێقەوماوان.
لەبارەی کۆبوونەوەی جنێف٢ کە ئایا ئێران داوەتی ئەو کۆبوونەیە کراوە یان نا؟ زەریف ئاشکرایکرد: ئێران بە تەواوی خۆی بۆ ئەو کۆنفرانسە ئامادە کردووە، ئەگەر بێتو بانگێشت بکرێن ئەوا چارەسەرێکی ھاوبەش بۆ پرسی سوریا دەدۆزنەوە کە ھەموو لایەک قەبوڵیان بێ.
لەبارەی کاریگەری ئابڵوقەکانی سەر ئێران و پەیوەنیدەکانی نێوان تورکیا و ئێران، زەریف گوتی: "پەیوەندیی ئابووریی و سیاسی نێوان تورکیا و ئێران تەنیا پەیوەستە بەو دوو ڵاتەوەو ھەموو کاتێک لە نزیکترین ئاستدا ئەو پەیوەندییانە بەڕێوەچوون."
لە بارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە ھێرشی ھاوبەشی تورکیا و ئیسرائیل دەکەن بۆ سەر یەکینەیەکی سەربازیی لە لازقیە، داوئۆغڵو باسی لەوە کرد کە ھیچ کاتێ تورکیا نابێتە بەشێک لە ھەڵمەتی سەربازیی لەو شێوەیە، ڕژێمی سوریا بە پارەی خەڵکەکەی خۆی چەک دەکرێت و خەڵکەکەی خۆشی پێ لەناو دەبا، ھەمووو کات دژی ئەو کارانەی ڕژێمی سوریا بووین بەڵام ھاوکات دژی ھەر ھەڵمەتێکی سەربازیی ئیسرائیلیشین.
لە وەڵامی ھەمان پرسیاردا وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی لەبارەی ئەو ھێرشەوە ھیچ زانیاریەکیان پێنەگەیشتووە، بەڵام ھاوکات بە ھەموو شێوەیەک دژی ھەر جۆرە چوونە ناوەوەیەکن بۆ ناو خاکی موسوڵمانان.