ئیستەنبۆل
سەرۆکی پارتی گەلی کۆمار ( جەھەپە) ( کەمال قڵێجدار ئۆغڵو) رایگەیاند "دەبێ ئیرادەی میللی رەنگدانەوەی لە پەرلەمان ھەبێ. کێشەی تورکیا لە یاساکان زیاتر کێشەی کەلتووری دیموکراسییەتە، دەبێ ھەموو کەسێکیش بەرگەی رەخنەکان بگرێ".
کڵیچدارئۆغڵو بەسەرسورمانەوە گوتی" نازانین لە ناوەڕۆکی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیادا چی ھەیە. ئەگەر کەسێک دەزانێ قۆناغی چارەسەری چییە و چۆن بەڕێوە دەچێ با بۆمان شرۆڤە بکات. ناکرێ دیموکراسی بۆ وڵاتێک بھێنی، خەڵکەکەی بێئاگابن لێی".
ھەروەھا کڵیچدارئۆغڵو گوتی"جەھەپە سەرقاڵی ئامادەکردنی مانیفستۆی ئازادی و دیموکراسییە. لەو مانیفستۆیەدا بیروڕای خۆی دەردەبڕێ.
سەرۆکی جەھەپە باسی رووداوەکەی (روبوزکی) کرد و گوتی" لە روبوزکی ٣٤ ھاوڵاتی ئەم وڵاتە کوژران. کەس نازانێ بەرپرسیاری ئەو کۆمکۆژییە کێیە. ئەگەر ئەو مەسەلەیە وەلابنرێ و باسنەکرێ، کەواتە ھیچ مەسەلەیەکی دیکە شایەنی باسکردن نییە. بۆیە ئێمە وەکو پارتی گەلی کۆمار داوای دیموکراسیەتی راستەقینە دەکەین. بە مەبەستی پەردەلادان لەسەر تاوانبارە نادیارەکان، داواکارییەکی ھەشت خاڵیمان ئاراستەی پەرلەمان کرد. ئەوەبوو پەرلەمان رەتیکردەوە تاوتوێی لەسەر بکرێ. پارتی گەلی کۆمار وەنەبێ پشتگیری لە سەرکەوتنی قۆناغی چارەسەری نەکات. ئێمە دەمانەوێ خوێنڕێژی و کوشتار لە تورکیا بنەبڕبکرێ".