Muhammet Ali Kemal
04 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 05 مای,س 2016
برۆکسل - AA
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا پێشنیازنامەیەکی ئەرێنی سەبارەت بە هەڵگرتنی ڤیزە لەسەر هاووڵاتییانی تورکیا بەمەبەستی گەشتکردن بۆ وڵاتانی شنگن تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوو، پەسەند کرد. ئەگەر بێت و ئەو مەرجانەی کە ماون لەلایەن تورکیاوە جێبەجێ بکرێن.
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، لەچوارچێوەی گفتوگۆکانی هەڵگرتنی ڤیزادا کە لەنێوان تورکیا و یەکێتییەکەدا بەڕێوەدەچێت، راپۆرتی سێیەمی خۆی سەبارەت بە جێبەجێکردنی نەخشە رێگاکە بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە لە کۆی ٧٢ مەرجی هەڵگرتنی ڤیزە کە لەسەر تورکیا بوون، ٦٧یان لەلایەن ئەو وڵاتەوە جێبەجێکراون و پێشنیازنامەیەکی ئەرێنی پەسەند کرد کە پیشبینی هەڵگرتنی ڤیزە لەسەر هاووڵاتییانی تورکیا بەمەبەستی گەشتکردن بۆ وڵاتانی شنگن دەکات تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوو.
لەگەڵ ئەمەدا داوا لەتورکیا کراوە، دەست بە دەرهێنانی پاسپۆرتی بایۆمەتری بکات کە زانیارییەکانی پەنجەمۆری تێدا بێت، دەست بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی وەرگرتنەوەی پەنابەران بکات، بە لەبەرچاوگرتنی مافە بنەڕەتییەکان، یاساکانی تایبەت بە لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوانە رێکخراوەکان بەجۆرێک هەموار بکاتەوە کە لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپادا بگونجێت.
راپۆرتەکە هەموو ئەمانەی سەرەوەی وەک مەرج بۆ گەشتکردن بێ ڤیزە داناوە و داوای کردووە لە زووترین کاتدا جێبەجێ بکرێن. ئەمە لەکاتێکدایە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ کات دراوەتە تورکیا بۆ ئەوەی دەست بە دەرهێنانی پاسپۆرتە بایۆمەترییەکان بکات و ئەو پاسپۆرتانەشی کە زانیارییەکانی پەنجەمۆریان تێدا نییە، مەحاڵە بتوانن بێ ڤیزە گەشت بکەن.