ئەنقەرە - AA
لە پریمەر لیگی ئینگلتەرادا، رێکاریەک بووەتە رۆژەڤ کە بەربانگ کردنەوەی یاریزانانی موسڵمان ئاسان دەکات لە مانگی رەمەزاندا.
بە پێی ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنی بەریتانیادا بڵاوکراونەتەوە، رێگەدان بە بەربانگ کردنەوەی ویسلی فۆفانا و شێخۆ کۆیاتێ لە میانی بەڕێوەچوونی یاری نێوان لێستەر سیتی و کریستال پاڵاس کە لە سەرەتای هەفتەدا بەڕێوەچوو، دەرکردنی رێکارییەکی یاسایی لەو بارەیەوە لە تۆپی پێی ئەو وڵاتەدا هێناوەتە ئاراوە.
بە گوێرەی ئەو رێکارییە، ئیدارەی لیگەکە پلانی وایە دەسەڵات بداتە داوەران کە بەدرێژایی مانگی رەمەزاندا لەو یارییانەی کاتەکانی ئێوارە بەڕێوەدەچن لە کاتێکی گونجاودا یارییەکە رابگرن بۆئەوەی یاریزانە موسڵمانەکان بەربانگ بکەنەوە، ئەوەیش کاتێ دەبێ کە کاپتنی یانەکان پێشتر داوەرەکان ئاگادار بکەنەوە.
لە دوای یاریەکە، فۆفانا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ، رایگەیاند: "دەمەوێت سوپاسی کریستال پاڵاس، پریمەر لیگ و ڤیسینتی گوایتا بکەم کە لە کاتی یاریەکەدا رێگەیاندا بەربانگ بکەمەوە. ئەوەی تۆپی پێ نایاب دەکات ئەوەیە".