Heman Hussein Yaseen
23 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2020
ههولێر - AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڕێک کۆمەک و ھاوکاری کە لەلایەن ئەڵمانیاوە رەوانەکرابوو گەیشتە ھەرێمی کوردستان و لە رێگای ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان، رادەستی وەزارەتی تەندروستی کرا.

لەمباریەوە وەزیری تەندروستیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە ھەرێمی کوردستان، پێداویستی تەندروستی لە ئەڵمانیا وەرگرتووە کە وەزارەتی تەندروستیی دابەشی دەکات و گوتی:
''کۆنسولخانەی ئەڵمانیا لە ھەولێر لە رێگای ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکانەوە، بڕیک پێداویستی تەندروستی دابینکردووە کە بریتیە لە جلوبەرگ، ماسک، دەستکێش، ئامێر و کەلوپەلی دیکە، سوپاسی ھاوکارییان دەکەین''.

وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە لە سەرەتای قەیرانەکانەوە تا ئێستا ئەو ناوەندە ھەماھەنگیی کردووە لە دابینکردنی پێداویستییەکان و ئێستاش چەندین پڕۆژەیان ھەیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە چەند پڕۆژەیەک کرد و گوتی: ''چەند پڕۆژەیەکی نوێ لە کوردستان لە سەنتەرەکانی کۆرۆنا لەناوە و دەرەوەی شار، کاریان لەسەر دەکەین، ئەوەش ھەلی کار دەڕەخسێنێت، ھەروەها دەبێتە ھۆی گەشەپێدانی زیاتری کەرتی تەندروستی لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا''.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکانی کوردستان، ھۆشەنگ محەمەد گوتی: ''ئێمە بەردەوام سەرقاڵی کۆکردنەوەی کۆمەکەکانین کە لە رێگای پەیوەندییەکانمانەوە دەگات بە ھەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی ناوچەکان دابەش دەکرێن''.
ھۆشەنگ محەمەد هەروەها گوتی: ''ئەمڕۆ لە رێگای کۆنسولخانەی ئەڵمانیا لە ھەولێر، ئەو ھاوکارییانەمان دەستەبەرکردووە و جگە لەو پێداویستییانە، ھەوڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەیش دەدەین".