Heman Hussein Yaseen
28 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2021
ههولێر - AA
بەمەستی داتا و کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی جۆرەکانی و بەربڵاوترین نەخۆشی و ژمارەی سەردانیکردنی ناوەندەکانی تەندروستی، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سیستەمی داتای تەندروستی خستە کار.
ئەمڕۆ دووشەممە، رێکخراوی تەندروستیی جیھانی لە پڕۆژەی ھاوبەشی کۆکردنەوەی زانیارییەکان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، داتای سیستەمی تەندروستی کوردستانیان خستەکار.
لە رێورەسمێکدا وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی گوتی: ''لەگەڵ دەستپێکی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کارکراوە بۆ چاکسازی لە ھەموو سێکتەرەکاندا، لەنێویشیاندا چاکسازی لە کەرتی تەندروستی، بۆ ئەو مەبەستەش کارکراوە بۆ دەستبەکاربوونی سیستەمی داتای تەندروستی کە بۆ جاری یەکەمە لەسەر ئاستی عیراق و وڵاتانی دەورووبەر ئەو سیستەمە کارا دەکرێت''.
سامان بەرزنجی ئەوەیشی خستەڕوو کە لەماوەی قۆناغی تاقیکردنەوەی ئەم سیستەمەدا، یەک ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار نەخۆش تۆمارکراون و لە ئێستاشدا، ٦٠ نەخۆشخانە لە کوردستان خراونەتە ناو سیستەمی داتای تەندروستی و ٢٨ نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی دیکەیش ئامادەکراون بۆ ئەوەی ئەوانیش بخرێنە ناو سیستەمەکە و زیاتر لە ١٥٠ کارمەند لە راھێناندان بۆ ئەوەی بتوانن کار بەو سیستەمە بکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان باسی لە گرنگی ئەو سیستەمە کرد و گوتی: ''ئەو سیستەمە ھاوکاری حکوومەت و ھاووڵاتیش دەکات لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی،ئینجا بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری تەندروستی و پێدانی ژمارەیەکی تایبەتی بە ھاووڵاتییان تا لەکاتی پێویستدا بزانن سەردانی کام بنکەی تەندروستی و کام بەشی بنکەکە دەکەن، ئەوەیش لە گرنگی پرۆژەکەدایە، چونکە ھەم ھاووڵاتی زۆرترین خزمەتگوزاری پێشکەش دەکرێت و ھەمیش حکوومەت ئاگادارتر دەبێت لە جۆر و بەربڵاوترین نەخۆشی و ئامارەکان بۆ خەرجی و دابینکردنی بوودجەی پێویست''.