Ramal Abdullah Mahmood
24 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2017
ئەنقەرە – AA
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو ئێستا لە هیندستان هەزار و ٩٤ کەس بە هۆی ئەنفلۆنزای بەرازەوە گیانیان لەدەستداوە.
بە پێی هەواڵی BBC لە دەسپێکی مانگی کانوونی دووەمەوە لە هیندستان هەزار و ٩٤ کەس بە هۆی پەتای ئەنفلۆنزای بەرازەوە گیانیان لەدەستداوە.
بە پێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی هیندستانیش، پشکی شێری ئەو ژمارەیە بەر ویلایەتی ماهاراشترا دەکەوێت کە ٤٣٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و لە ویلایەتی گوجاراتیش ٢٩٦ کەس گیانیان لەدەستداوە. زۆرترین رێژەی قوربانیان ٣٢٤ کەس بوو لە سێ هەفتەی رابردوودا لە سەرانسەری وڵات. بە گشتی ٢٢ هەزار و ١٨٦ حاڵەت تۆمار کراون.
ئاماژە بەوەشدراوە کە ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو پەتاکە چوار هێندە تەشەنەی سەندووە.
سەرۆکی پزیشکانی نەخۆشخانەی تایبەتی شانسی، دکتۆر سانجای گورواج تیشکی خستە سەر ئەوەی کە حکوومەت ژمارەی حاڵەتەکان لە نەخۆشخانە تایبەتییەکان ناژمێرێت و گوتی: "ئەو ژمارەیەی لە راپۆرتە فەرمییەکان بڵاوکراوەتەوە تەنها مشتێکە لە خەرمانێک".
لە ساڵی ٢٠١٥ بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ئەنفلۆنزای بەراز لە سەرانسەری هیندستان نزیکەی هەزار ٩٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.