سلێمانی
سەیرانگەو شوێنە گەشتیارییەکانی ناوچەی ھەورامان ونبوون لەنێو سەوزاییدا، چیای بەرزو درەختی زۆر، ئاوی سازگار شانسی ئەوەی داوە بەناوچەکە گەشتیاران رووی لێبکەن لەتەواوی عێراقەوە ھەرچەندە خزمەتگوزاریی گەشتیاریشی کەمبێ.
ھەورامان (لەدیوی کوردستانی عێراق) لەدامێنی زنجیرە چیای سورێندایە لەباکووری خۆرھەڵاتـی شاری ھەڵەبجە لەپارێزگای سلێمانی، سروشت و ژینگەکەی دەوڵەمەندە بەدارستان و بەشی ھەرە زۆری بەدەستی دانیشتووانی ناوچەکە نێژراون، ئەوەیش وایکردووە ببێتە ناوچەیەکی گەشتوگوزاریی ھەرێمی کوردستان.
ھەورامان بێجگە لە ھەڵکەوتەی جوگرافیاکەی، لەڕووی کۆمەڵایەتی، کەلتوورو زمان، جلوبەرگ و خواردن جیاوازی زۆری ھەیە لەگەڵ لەناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، تایبەتمەندییەک کە ھەورامییەکان سەرباری تێکەڵاوی زۆر لەگەڵ نا ھەورامییەکان بەڵام دەستبەرداری نابن.
رووبەری ناوچەی ھەورامان ٧١ ھەزارو ٧٦ دۆنم و ١٣ ئۆلک و ٦٦ مەترە، ژمارەی دانیشتووانەکەی ئێستا دەگاتە نزیکەی حەوت ھەزار کەس. سەرجەمی ئاواییەکانی ناوچەی ھەورامان ٢٥ گوندن و لەڕووی ئیدارییەوە دابەشکراون بەسەر ھەر دوو شارەدێی بیارەو تەوێڵە دا، بیارە ناوەندی ناحیەیە.
بەگوێرەی قسەی کاربەدەستانی سنوورەکە ٤٠%ی خاکی ناوچەکە سەوزایی و باخاتە، گوێزو ھەناری ئەو ناوچەیە لەپارێزگای سلێمانی بەناوبانگە، بەگشتی ناوچەکە خاوەنی ١٦ ھەزار دارگوێزو ٢٥ ھەزار دار ھەنارە.
گوندو ناوچەکانی وەکو بیارە، تەوێڵە، ئەحمەداوا، سۆسەکان، ئاوێسەر، وەزەنێ، زەڵم، گوڵپ، سەرگەت دیارترین ناوچە سەرنج ڕاکێشەکانی سەیرو سەفان لە ھەورامان.
ھەموو ئەوانە وایکردووە ناوچەیەکی لەبارو شیاوبێ بۆ گەشتیاریی، بەڵام گەشتیاران دەڵێن وەکو ئەوەی پێویستە بایەخی پێنەدراوە، کاربەدەستانی ناوچەکەیش نکوڵی لەوە ناکەن کە کەمتەرخەمی ھەیە لەپێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی.
نوخشە ناسیح ژنێکە ماوەی شەش ساڵە بەڕێوەبەری ناحیەی بیارەیە دەڵێ لە ھەورامان دەیان ناوچەی گەشتوگوزاری سەرنج ڕاکێشە، بەڵام نیگەرانە لەوەی حکومەتی ھەرێم و لایەنە پەیوەندی دارەکان وەک پێویست ئاوڕیان لەو ناوچەیە نەداوەتەوە: "ناوچەیەکی گەشتیارییە بەڵام بەداخەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕی جدییان لەناوچەکە نەداوەتەوە، تەنانەت گەشتیارەکانیشمان لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوەش ئاماژە بە نەبوونی خزمەتگوزاریی دەکەن".
بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە جەختیکردەوە ئەو شوێنە گەشتیارییانەی ئێستا لە ناوچەکەدا ھەن، بەشی زۆریان بەھەوڵی خەڵکی ھەورامان بووەو حکومەت کەمترین خزمەتگوزاریی پێ دابین نەکراوە بۆیان.
ناوچەی ھەورامان بەھۆی ئەوەی لەسەر سنووری ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بەدرێژایی ساڵانی پێشوو ناوچەیەک بووە نزیک بووە لەشەڕ، شەڕی شۆڕشگێڕانی کورد لەگەڵ حکومەتەکانی عێراق، دواتر شەڕی ھەشت ساڵەی ئێران - عێراق، دوایینیان شەڕی ناوخۆ لەنێوان حیزبەکانی ھەرێمی کوردستان تا ساڵی ٢٠٠٣. بۆیە زۆرجار ئەو ناوچەیە گەشتیاریی لێ دابڕاوە.
ماکوان ھەورامی، گەنجێکی خەڵکی ناوچەکەیە گوتی: "ئەوا ١٠ ساڵە شەڕو شۆڕ لە ناوچەی ھەورامان نەماوەو دەرفەتێکی باش ھەبووە تا ناوچەکە خزمەتگوزاریی گەشتیاریی پێشکەش بکرێ لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی ھەیە کاری کەمەو لەئاستی ژینگەو سروشتی ھەوراماندا نییە، ئیدارەی ناوچەکە دەیتوانی لەڕووی گەشتوگوزارەوە بیکاتە سەرچاوەیەکی باشی داھات."
بەرا شوکر، گەنجێکی عەرەبی دانیشتووی شاری بەغدایەو بۆ بەسەر بردنی رۆژانی جەژنی قوربان سەدان کیلۆمەتر لەشارەکەی خۆی دوور کەوتووەتەوەو ھاتووەتە ھەورامان، بۆ بەرا ھەورامان ژینگەو سروشتێکی زۆر دڵگیرە، بێجگە لەدیمەنەکەی بۆ ماوەیەک لەترس و تیرۆری بەردەوامی شارەکەی دوور کەوتووەتەوە.
بەرا گوتی "ئەم ناوچەیە سروشت و دنیایەکی سەرنجڕاکێشە، بەڵام ئەوەی دەیبینم ئەوەیە نەتوانراوە گرنگی بەم ناوچە دڵگیرە بدرێت و بکرێتە دیارترین ناوچەی گەشتیاریی، ئەگەر ھیممەت بکەن زۆر زوو دەکرێتە ناوچەیەک زۆر سەرنجڕاکێشتر دەبێ."
کاربەدەستانی گەشتوگوزار لەپارێزگای سلێمانی نکوڵی لەوە ناکەن کە نەیانتوانیوە وەکو پێویست خزمەتگوزاریی پێشکەشی ھەورامان بکەن.
یاسین فەقێ سەعید، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی گەشتوگوزار لە سلێمانی بۆ AA گوتی: "نیگەرانی ھەیە لەکەمی خزمەتگوزاریی گەشتیاریی لەھەورامان، ھەنگاوی داھاتوومان ئەوەیە ببینەی دەستەیەکی سەربەخۆ ئەو کاتە دەتوانین خزمەتگوزاریی باشترو شایستەتر بگەیەنینە ھەورامان و ھەموو ئەو شوێنانەی لەسنووری پارێزگای سلێمانی پێویستیان پێیەتی."