Mehmet Burak Karacaoğlu
04 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2021
ئیدلب - AA
ئەو ئاوارانەی سووریا کە لە دەست هێرشەکانی رژێمی ئەسەد و پشتیوانانی هەڵاتوون و پەنایان بردووەتە بەر کەمپەکان، داخستنی دەروازەی سنووریی بابولهەوا بەڕووی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە ''کۆکوژی بە کۆمەڵ'' ناوزەند دەکەن.
دوای ئەوەی رووسیا لەژێر رۆشنایی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییدا داوای رێگریکردن لە چوونە ناوەوەی ئەو هاوکارییانەی کرد کە لە دەروازەی سنووریی بابولهەواوە دەچوونە سووریا، ملیۆنەها کەس تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون.
تورکی سوڵتان کە یەکێکە لەو ئاوارانەی ساڵی ٢٠١٩ بەهۆی هێرشەکانی رژێمی ئەسەد و پشتیوانکارانیەوە لە شاری مەعرەت نوعمان سەربە پارێزگای ئیدلب دەربەدەر بووە و لە کەمپێکی نزیک سنوور لەگەڵ تورکیا نیشتەجێ بووە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و باسی لەوە کرد کە دەروازەی سنووریی بابولهەوا شادەماری ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەیە کە لە ناوچەکەدا دەژین و گوتی: ''ئەگەر رووسیا سەرکەوێت لەوەدا کە هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی رژێمی ئەسەدەوە بێت، وەک ئەوە وایە پێنج ملیۆن کەس کە لە ئیدلب دەژین حوکمی لە سێدارەدانیان بۆ دەربکرێت''.
تورکی سوڵتان ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئەو بڕیارەی رووسیا بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا تێنەپەڕێت و گوتی: ''رووسیا ئێمەی بۆردومان کرد و دەربەدەری کردین. کوشتینی و ماڵەکانمانی رووخاند. وەک ئەوەی ئەوە بەس نەبێت، ئێستا چاوی بڕیوەتە ئەو هاوکارییە مرۆییانەی لە دەروازەی سنووریی بابولهەواوە بۆمان دێت. یاری بە گیانی منداڵان و بەتەمەنەکان دەکەن''.
ئاوارەیەکی دیکە بە ناوی حوسێن عەلی بەرجوس ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵی ٢٠١٩دا، بەهۆی هێرشی رژێمی ئەسەد و پشتیوانکارانییەوە خانووەکەی رووخاوە و گوتی: ''ئێمەیان بۆردومان کرد. خانووەکانیان رووخاندین. دەربەدەریان کردین. بەوەشەوە ناوەستن و چاویان بڕیوەتە ئەو دەرمان و خۆراکەی بۆمان دێت. بە دڵنیایییەوە پێویستە رووسیا لەوەدا سەرنەکەوێت''.