Sümeyye Dilara Dinçer, Gülşen Topçu, Ali Semerci, Mahmut Geldi
17 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2026
سەرکۆماری سووریا، ئهحمهد شەرع سهبارهت به پهیوهندییهكان لهگهڵ توركیا ڕایگهیاند: " هاوبەشیی سووریا-تورکیا بنەمایەکە دەکرێت چەندین شتی لەسەر بنیات بنرێت، لهوانه بۆ ئاسایشی ناوچەکە و داهاتووی گشت جیهان".
شهرع كه به مهبهستی بهشداری كردن له پێنجههمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا سهردانی توركیای کردووه، له دیمانهیهكدا وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە.
له دیمانهكهدا سهركۆماری سووریا شهرع هەڵسەنگاندنی بۆ چەندین بابەت کرد، لەوانە: پەیوەندییەکانی سووریا-تورکیا و دەرفەتەکانی هاریکاریی ستراتیجی، کاریگەریە ههرێمیی و جیهانییەکانی هێرشی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گرنگی ستراتیجی سووریا، دوایین دۆخی تێکەڵکردنی ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێرش و داگیرکارییەکانی ئیسرائیل لە خاکی سووریا، پەیوەندییەکانی نێوان دیمهشق-تەل ئەبیب و پەیوەندییەکانی سووریا-ئۆکراینا.
له وهڵامی پرسیارێكدا له بارهی ئهوهی ئهوه جاری دووهەمە بەشداری لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا دەکەن. ئایا پەیوەندییەکانی سووریا-تورکیا و دەرفەتەکانی هاریکاریی ستراتیجی چۆن بەڕێوە دەچن شەرع ڕایگهیاند: "لە نێوان سووریا و تورکیادا پەیوەندییەکی مێژوویی و جوگرافیی دێرین هەیە. لە سەردەمی ڕژێمی کۆندا، سووریا لە ناوچەکە و لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دابڕێندرابوو. ڕزگاربوونی سووریا لە ڕژێمی کۆن، دەرفەتێکی بۆ سووریا دروست کرد تا سەرلەنوێ پەیوەندییە ههرێمیی و نێودەوڵەتییەکانی دابڕێژێتەوە. بەتایبەتی ئەم دۆخە لە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا زیاتر دهركهوت، چونکە تورکیا پشتیوانی شۆڕش بوو و بۆ ماوەی ١٤ ساڵ بەردەوام بوو لە پاڵپشتی كردنی شۆڕشی سووریا. سووریا لە کەشی تەنگژەوە گۆڕا بۆ کەشی دەرفەت، ئێمەش لە سەردانەکانمان بۆ تورکیا و وڵاتانی دیکە ئاماژەمان بەو دەرفەتانە کردووە".
سهبارهت بههوه كه جهنگی ئەمریکا/ئیسرائیل-ئێران بووەتە هۆی قهیرانێكی جیهانیی وزە. ئایا لەم بوارەدا سووریا چ دەرفەت و ئاستەنگێکی لەبەردەمدایە؟ شەرع ڕایگهیاند: "پێموایە لەو کاتەوەی ساڵی ڕابردوو گەیشتینە دیمهشق، ئاماژەمان بەوە کردووە کە پێویستە پێگەی ستراتیجی سووریا هەڵسەنگاندنەوەی بۆ بکرێت، بەڵام دوای هەڵگیرسانی جهنگ لە ئێران و، بەتایبەت زیانگەیشتن بە کەرتی دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهان، خەڵک هەستیان کرد زیاتر پێویستییان بەم پێگە (ستراتیجییە) هەیە. سووریا بە دڵنیایییەوە ڕێڕەوێکی ئارام و ڕێگەیەکی جێگرەوەیە بۆ گواستنەوەی وزە و زنجیرەکانی دابینکردن، بەتایبەت ئەو پەیوەندییەی لە ڕێگای سووریا و ئوردنەوە لە نێوان کەنداوی عەرەبی و تورکیادا دروست دەبێت، هەروەها بەهۆی هەبوونی کەناراوەکانی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست. سووریا پێگەیەکی پەیوەندیی نایاب و ئارامە لە نێوان زنجیرەکانی دابینکردن و گواستنەوەی وزە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوئادا. دواجار ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و سووریادا كرا و نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەرەکانی سووریاوە هەناردە کرا".
گوتیشی: "پڕۆژەی چوار دەریا بەشێکە لەم زنجیرەیە. تێکەڵبوونی ههرێمیی و بەستنەوەی دووبارەی ڕێگاکانە. لە ئێستادا گرنگترین ههوڵ و تهقهلای جیهان دابینکردنی ئاسایشە بۆ زنجیرەکانی دابینکردن و سەرچاوەکانی وزە. لەبەر ئەوە پێموایە ئەم تێکەڵبوونە گرنگە بەهۆی ئەوەی ئازەربایجان لەسەر دەریای خەزەرە، سووریا و تورکیا لەسەر دەریای ناوەڕاستن و کەنداوی عەرەبیش کەناراوی لەسەر دەریای سوور و کەنداوی عەرەبی هەیە. سووریا ئێستا لە قۆناغی قهیرانهوە دەچێتە قۆناغی دەرفەت. لە سەردانەکانماندا بۆ تورکیا و وڵاتانی دیکە جەختمان لەسەر ئەم دەرفەتانە کردەوە. لە ڕووی پەیوەستبوونی ههرێمییهوه دەرفەتی گەورە له نێوان سووریا و تورکیادا ڕهخساوه، ئهوه له كاتێكدا كه توركیا پردێکە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا. لە ئێستادا لە ئیدلیب کار لەسەر ناوچەیەکی بازرگانیی ئازاد لە نێوان سووریا و تورکیادا دەکەین بۆ ئاسانکاری له بواری هاریکاریی پیشەسازیی. ئەم ناوچەیە پێگەیەکی ستراتیجی هەیە لەسەر ئەو ڕێگا سەرەکییانەی کە ئیدلیب، لازقییە، حەلەب و دیمهشق بەیەکەوە دەبەستنەوە. هەروەها کار لەسەر پڕۆژەکانی ژێرخان، فراوانکردنی فڕۆکەخانەکان و وەبەرهێنان لە بەندەرەکاندا دەکەین. کۆمپانیا تورکییەکان لە دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی سووریادا بەشدارن".
له وهڵامی پرسیارێكدا سهبارهت بهوهی كه ئایا دانوستاندنە ئەمنییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا گەیشتوونەتە چ قۆناغێک؟ ناتانیاهو لە دوایین لێدوانەکانیدا باسی لە فراوانکردنی داگیرکارییەکانی لوبنان کرد بۆ ناوچە درووزییەکانی سووریا، ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ سهركۆماری سووریا شەرع ڕایگهیاند: "ئەو سیاسەتەی سووریا پەیڕەوی دەکات جەختکردنەوەیە لەسەر ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان. سووریا پێویستی بە سەقامگیریی هەیە. ئیسرائیل هێرشی زۆر دڕندانەی بۆ سەر سووریا دەستپێکرد و دوای کردنە ئامانجی چەندین ناوچە لە سووریا، بەشێک لە خاکی سووریای داگیرکرد. بەرزایییەکانی جۆلانیش لەژێر داگیرکاریدایە. ئێمەش لە بەرامبەر ئەمەدا دیپلۆماسیی و قایلکردنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییمان هەڵبژارد تا ئهوهی کارەکان نەبنە پێكدادانی دوولایەنە، بەتایبەت دوای ئەوەی گەلی سووریا بۆ ماوەی ١٤ ساڵ خوێنی لێ دەچۆڕێت. لهبهرئهوه ئێمە جددین لە دابینکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی. سووریا ئێستا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتییدا ئەو وێنەیەی هەیە کە لە قهیرانهوه بەرەو سەقامگیریی هەنگاوی ناوە. تا ئێستا لەو بڕوایەدا نیم دانوستاندنەکان لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتبنە بنبەست، بەڵام بەهۆی پێداگریی ئیسرائیل لەسەر مانەوە لە خاکی سووریادا، سەختی لە ئارادایە".
سەبارەت بەو جهنگهی بەرامبەر لوبنان درێژهی ههیه، شهرع ڕایگهیاند: "لە بری کردنە ئامانجی ڕاستەوخۆی ژێرخان و ناوچەكانی نیشتەجێبوون، چەندین چارەسەر گونجاون. لوبنانیش بەرگەی پێكدادانێكی لەم قەبارەیەی ناگرێت. ئەمە (داگیرکاریی ئیسرائیل لە لوبنان)، جیا لە پرسی بەستنەوەی بە باشووری سووریا، هەڕەشە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە دروست دەکات.
سهركۆماری سووریا شهرع، له وهڵامی پرسیارێكی دیكهدا لهبارهی ئهوه كه ئایا ئەو پرۆسەی تێکەڵبوونە نیشتمانییەی لە سووریا بەردەوامە، ڕێگەیەکی درێژی لەبەردەمە بۆ سەرکەوتن؟ ئایا لە چ قۆناغێکدان؟ ڕایگهیاند: "پێموایە كاتێك ساڵی ڕابردوو دهسهڵاتمان گرته دهست، سەرکەوتنێکی گەورەمان لەم بابەتەدا بەدەستهێناوە. ئەو گرووپانەی شۆڕش کە پێشتر پەرتەوازە بوون، یەکیان گرت. لە ئێستادا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تێکەڵ کراون و کارەکان بە باشی دەچنە پێش. ئەمڕۆ دوایین یەکەکانی بنکە سەربازییە بیانییەکان کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بوون، وڵاتیان جێهێشت. کارەکانی تێکەڵبوون لە نێوان دەوڵەتی سووریا و هەسەدە بەردەوامن. واتە ئەو سەرکەوتنەی تا ئێستا لەم بوارەدا بەدەستمان هێناوە، بۆ بەرژەوەندی و سەقامگیریی سووریا زۆر گرنگە".
دهربارهی ئهوهی كه پاش سەردانەکەی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی بۆ دیمهشق، ئایا چ جۆرە هاریکارییەک لە نێوان سووریا و ئۆکراینادا ههیه؟ سهركۆماری سووریا شهرع ڕایگهیاند: "لە نێوان ئۆکراینا و سووریادا هاوبەشییەک هەیە کە مێژوویەکی کۆنی لە بوارەکانی خۆراک و وزەدا هەیە. ئۆکراینا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەزموونێکی گەورەی لە بواری بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و بەرهەمهێنانی دەرمانی کشتوکاڵییدا هەیە. سووریاش یەکێکە لەو وڵاتانەی لە بواری کشتوکاڵدا بەرهەمهێنان دەکات و پێویستی بە هاوبەشی و ئەزموون هەیە لەم بوارەدا. دەروازەی سەرەکی نێوان ئۆکراینا و سووریا، دروستکردنی زەمینەیەکە لە ڕێگەی بەندەرەکانی سووریاوە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە سەرەکییەکان و ماددە خۆراکییەکان".
سهبارهت بهوه كه لە ڕێگای کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیاوە، چ پەیامێک دەدەیتە جیهان؟
ئەحمەد شەرع ڕایگهیاند: "تورکیا بەم جۆرە چالاکییانە هاوکاریی سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان دەکات. تورکیا ئێستا بەڕاستی ڕۆڵێکی گەورەی لە ناوچەکە و جیهاندا هەیە. هاوبەشیی سووریا-تورکیا بنەمایەکە دەکرێت چەندین شتی لەسەر بنیات بنرێت، لهوانه بۆ ئاسایشی ناوچەکە و داهاتووی گشت جیهان. پەیامی من بۆ جیهان؛ سووریا کە لە قهیران دەرچووە، ئێستا بە ئاڕاستەی ئاوەدانکردنەوە، سەقامگیریی و داهاتووە نوێیەکەی هەنگاو دەنێت و گۆڕاوە بۆ دەرفەتێکی مێژوویی گەورە".