Muhammet Ali Kemal
03 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2015
لەشاری درێسدنی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا گرووپی پێگیدا (ئەورووپییە نیشتمانپەروەرەكانی دژی بەئیسلامبوونی خۆرئاوا) 36 هەمین خۆپیشاندانیان دژی ئیسلام و كۆچبەران ساز كرد.
خۆپیشاندەرانی دژی ئیسلام كە لە مەیدانی نیومارك لەبەردەم كڵێسای مێژوویی ''ژنان''دا كۆببوونەوە لە شاری درێسدن، درووشمەكانی ''لەدژی شەریعەت، مافەكانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا''، ''دژی حەز بۆ دەسەڵات، رق و كینەی میدیا و رۆژنامەوانە خۆفرۆشەكانین'' و ''لەدژی رووسیا مەجەنگن، ئەمریكا و ناتۆ راگرن''-یان بەرزكردەوە.
ئەو گرووپە راستڕەوە توندڕەوە كە ئاڵای ئەڵمانیایان بەرز كردبوویەوە و درووشمەكانیان بە ئاراستەی رەخنەگرتن لە ئەنگێڵا مێركڵدا بوو، هاواریان دەكرد ''بەرەنگاری''، مێركڵ دەستلەكاربكێشەرەوە'' و ''گەل ئێمەین''.
دامەزرێنەری پێگیدا لوتز باخمان لە گوتەیەكیدا وەزیری دادی ئەڵمانیا هایكۆ ماسی بەهۆی بۆچوونەكانی دژی پێگیدا بە جۆزێف گۆبێڵزی وەزیری بانگەشەی سەردەمی هیتلەر چوواند.
دوای تەواوبوونی گوتارەكان، خۆپیشاندەران بەدەم گووتنەوەی درووشمی جۆراوجۆرەوە بەرێڕەوی مەیدانەكانی پۆستپڵاتز و ئاڵتماركتدا تێپەڕین و جارێكی دیكە هاتنەوە مەیدانی نیومارك.
خۆپیشاندەران دوای گووتنەوەی سروودی نیشتمانی ئەڵمانیا، بڵاوەیان كرد.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیای ئەڵمانیادا بڵاوكراونەتەوە، بانگەشەی ئەوەكراوە ئەو كەسانەی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكەدا كردووە، نزیكەی هەشت هەزار كەس بوون.
لەلایەكی دیكەوە گرووپێكی دیكە كە خۆیان بە گێپیدا (ئەو هاووڵاتییانەی بەو بێ ڕێزییە تووڕە دەبن كە بەرامبەر بیانییەكان دەكرێت) ناساندووە و گرووپێكی دژی ئەوانی دیكەن، لە مەیدانی پۆستپلاتز خۆپیشاندانیان ساز كرد. خۆپیشاندانەكانی دژی پێگیدا، درووشمی لایەنگری پەنابەران و دژی رەگەزپەرستییان گووتەوە.
تیمەكانی پۆلیس بەگرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی، هەوڵیاندا رێگری لە درووستبوونی ئاڵۆزی بكەن لەنێوان گرووپە دژەكاندا.