Barış Seçkin
13 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2020
رۆما - AA
لە ئیتاڵیا بەهۆی خێرا بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە میانی هەفتەی رابردوودا، حکوومەت رێوشوێنی نوێی گرتەبەر.
ئەو بڕیارنامەیەی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، جۆسێپی کۆنتی و وەزیری تەندروستیی ئەو وڵاتە، رۆبێرتۆ سپێرانزا واژوویان کردووە، چەند رێوشوێنێک لەخۆ دەگرێت کە رێگری دەکەن لە گەڕانەوەی حاڵەتەکانی رۆژانەی پەتاکە لەو وڵاتەدا بۆ مانگەکانی ئادار-نیسان.
لە کاتێکدا بەو بڕیارنامەیە، بەستنی دەمامک لە سەرتاسەری وڵات و لە شوێنە کراوەکانیش کراوەتە ناچاری، ئامۆژگاری لە بارەی بەستنی دەمامک لەنێو ماڵیشدا خراوەتەڕوو. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی کێشەی تەندروستییان هەیە، ئەوانەی وەرزش دەکەن و منداڵانی خوار تەمەن شەش ساڵان لە بەستنی زۆرەملێی دەمامک بەخشراون.
هەروەها لە سەرتاسەری ئیتاڵیادا هۆڵەکانی سەما و دیسکۆکان بە داخراوی دەمێننەوە. هەموو جۆرە ئاهەنگێک لە شوێنە کراو و داخراوەکاندا قەدەغە دەبێت. لە ئاهەنگ و پرسەکاندا لانیزۆر ٣٠ کەس دەتوانن بەشداری بکەن. خەڵکیش رێنمایی کراوە کە نابێت لە شەش کەس زیاتر بانگهێشتبکرێن بۆ بۆنە تایبەتەکان.
هەر بەو بڕیارنامە نوێیە گەڕان لەناو قوتابخانەکان و دامەزراوە پەروەردەییەکان رادەگیرێن و ئەو وەرزشانەی بەرکەوتەیان تیادا روودەدات وەک باسکە و تۆپی پێی ناو هۆڵ قەدەغەکراون.
چێشتخانە، باڕ، کافیتێریای شەوانە تا کاتژمێر ٠٠:٠٠ بە پەیڕەوکردنی رێکاری توند دەکرێنەوە. بۆ رێگرتن لە گردبوونەوە لە بەردەم ئەو شوێنانەدا لە کاتژمێر ٢١:٠٠ی ئێوارەوە وەستان بە پێوە لەو شوێنانە قەدەغەیە.
ئەو رێکاریە نوێیانە بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ کاریان پێ دەکرێت و بە گوێرەی ئامارەکانی مانگی پێشتری بڕیاردەدرێت لەوەی درێژ بکرێنەوە یان نا.
لە ئیتاڵیا لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا، ٣١ هەزار و ٩٨٤ حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا تۆمارکراوە و تێکڕای تووشبووانی رۆژانە چوار هەزار و ٥٦٩ حاڵەتە کە بە بەراورد بە هەفتەی پێشتری سەدا ٩٧،٢ زیادی کردووە.
دوێنێ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە لێدوانێکیدا، باسی لەوە کرد کە پێشبینی کەرەنتینەی سەرتاسەری ناکەن لە وڵاتدا، بەڵام کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەوە روونەدات.
بەمەبەستی خێرا کارپێکردنی رێوشوێنەکانی دژبە پەتاکە، حکوومەتی ئیتاڵیا لە هەفتەی رابردوودا، باری نائاسایی تا ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ درێژ کردەوە.