Dildar Baykan
02 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2020
واشنتۆن- AA
سبەی پەنجاونۆیەمین هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا دەکرێت.
بەهۆی پەتای کۆرۆنا نزیکەی ٨٠ ملیۆن کەس لەڕێی پۆستەوە دەنگ دەدەن، ئەمەش وا دەکات پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان ماوەیەکی درێژ بخایەنێت و بەم هۆیەوە ئەگەری هەیە شەوی سێی مانگ ئەنجامەکان یەکلایی نەبنەوە.
هەموو ئەم هۆکارانەش وا دەکەن کە هەڵبژاردنەکەی سبەی ببێتە سەخترین هەڵبژاردن لە مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتەدا.
لەلایەک دەنگدانی پێشوەخت لەڕێی سندوقی دەنگدان و پۆستەوە دەستی پێکردووە و لە لایەکی دیکەشەوە کێبڕکێی نێوان هەردوو کاندید، دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن بەردەوامە.
بەگوێرەی ئەو شیکارییانەی کە ماڵپەڕی "Real Clear Politics" بۆ سەرجەم راپرسییە گرنگەکان ئەنجامیداون، جۆ بایدن بە نزیکەی حەوت خاڵ لە پێش دۆناڵد ترەمپ-ەوەیە.
لە راپرسی تەواوی ئەو ویلایەتانەی کە چارەنووسی هەڵبژاردنەکان یەکلایی دەکەنەوە، بە جیاوازییەکی کەم جۆ بایدن لەپێشەوەیە.
- دەنگدان لەڕێی پۆست
هەرچەندە ماوەیەکی زۆرە شێوازی "دەنگدان لەڕێی پۆست" لە ئەمریکا هەیە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ئەم شێوازە بووەتە بژاردەی یەکەمی نزیکەی لە سەدا ٧٠ی دەنگدەرانی ئەو وڵاتە و چاوەڕوان دەکرێت بەکارهێنانی ئەم شێوازەی دەنگدان لەلایەن زۆرینەی دەنگدەرانەوە کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان هەبێت.
بەهۆی جیاوازی کات لەنێوان ویلایەتەکاندا تا چەند رۆژێک دوای سێی تشرینی دووەم پۆستی دەنگەکان لەلایەن ناوەندەکانی دەنگدانەوە وەردەگیردرێن و ئەمەش ئەگەری دواکەوتنی یەکلاییبوونەوەی ئەنجامە بەراییەکان زیاتر دەکات.
- ژمارەیەک ویلایەت چارەنووسی پرۆسەی دەنگدان دیاریی دەکەن
ویلایەتی فلۆریدا کە یەکێکە لەو ویلایەتانەی چارەنووسی دەنگدانەکە یەکلایی دەکاتەوە، ئەو پۆستی دەنگانە وەرناگیردرێن کە دوای سێی مانگ دەگەنە ناوەندەکانی دەنگدان.
لەو ویلایەتە وەرگرتنی پۆستی دەنگدان لە ٢٢ رۆژ پێش کاتی هەڵبژاردنەوە دەستیپێکردووە.
لەلایەک بەهۆی ئەوەی پۆستەی دەنگدان لە دوای سێی مانگ لە فلۆریدا وەرناگیردرێت و لەلایەکی دیکەش بەهۆی زوو دەستکردن بە جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئەگەرێکی زۆر هەیە شەوی سێی تشرینی دووەم ئەنجامی دەنگدانی ویلایەتەکە رابگەیەندرێت.
یەکێکی دیکەش لەو ویلایەتانەی کە بڕیار لەسەر ئەنجامەکان دەدەن، ویلایەتی پێنسلڤانیا-یە.
دادگای باڵای ئەمریکا، فەرمانی داوە تا شەشی تشرینی دووەم پۆستی دەنگدان لە ناوەندەکانی دەنگدانی ئەو ویلایەتە وەربگیردرێت.
لەبەرئەوەی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە رۆژی پێش هەڵبژاردنەوە دەستپێناکات، ئەگەری ئەوە هەیە یەکلاییبوونەوەی ئەنجامەکانی ویلایەتی پێنسلڤانیا دوا بکەوێت.
لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکانی دیکە هەریەکە لە ویسکۆنسن و ئاریزۆنا-ن کە تیایاندا پۆستی دەنگدان لە دوای سێی مانگ وەرناگیردرێت.
بەڵام لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور تا شەشی مانگ و لە ویلایەتی میشیگەن تا ١٧ی مانگ پۆستی دەنگدان وەردەگیردرێت.
بەم هۆیەوە ئاستەمە ئەنجامی دەنگەکانی ئەو ویلایەتانە لە شەوی سێی تشرینی دووەمدا یەکلایی ببێتەوە.
- زیاتر لە ٩٣ ملیۆن دەنگدەر پێشوەختە دەنگیانداوە
بە بەراورد بەو هەڵبژاردنانەی لە رابردووی نزیکدا بەڕێوەچوون لە ئەمریکا رێژەی چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان نەگەیشتووەتە سەدا ٦٠، بەڵام ئەمساڵ زۆری ئەو دەنگانەی لەسەر سندوقەکانی دەنگدان یان لەڕێی پۆستەوە دراون لەکاتی دەنگدانی پێشوەختەدا بووەتە مایەی سەرنج.
لەئێستادا زیاتر لە ٩٣ ملیۆن کەس دەنگیان داوە. لەوانەش ٥٩ ملیۆنیان لەڕێی پۆستەوە دەنگیانداوە و زیاتر لە ٣٤ ملیۆنیشیان چوونەتە نزیکترین ناوەندی دەنگدان و دەنگیان داوە.
تەنها ئەو دەنگانەی پێشوەختە دراون نزیکەی تێکڕای نیوەی ئەو دەنگدانەیە کە لە ٢٠١٦دا دراون و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەشێکی زۆری دەنگدەرانی سەربە پارتی کۆماری چاوەڕوانی سێی تشرینی دووەم دەکەن پێشبینی دەکرێت رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵدا زیاتر بێت.
- ئەو رێگایەی بۆ کۆشکی سپی دەچێت بە ٢٧٠ نوێنەرایەتیدا تێدەپەڕێت
لە ئەمریکا ئەو کاندیدەی زۆرترین نوێنەرایەتی بەدەستدەهێنێت کورسی سەرۆکایەتی دەباتەوە، نەوەک ئەو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت.
لە سیستمی دەستەی نوێنەران کە ناوی (Electoral College)ی لێنراوە، لەهەر ویلایەتێکدا بەپێی قورسی ئەو ویلایەتە دابەشکراوە و تێکڕا پێکدێن لە ٥٣٨ نوێنەرایەتی.
ئەو کاندیدەی بتوانێت نیوە کۆ یەکی ئەو نوێرایەتیانە بەدەستبهێنێت واتا ٢٧٠، ئەوە مافی بوونە سەرۆک بەدەستدەهێنێت.
لە هەڵبژاردنەکەی ٢٠١٦دا، دۆناڵد ترەمپ ٣٠٤ نوێنەرایەتی بەدەستهێنا، بەڵام رکابەرەکەی کلینتۆن نزیکەی سێ ملیۆن دەنگی زیاتری لە ترەمپ بەدەستهێنابوو.
- دوای سێی تشرینی دووەم چ قۆناغێک چاوەڕوانی ئەمریکا دەکات؟
لە بنەڕەتدا لە ئەمریکا قۆناغی هەڵبژاردن لە پاش رۆژی هەڵبژاردنەوەی بە پرۆسەیەکی درێژخایەندا تێدەپەڕێت.
ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دوا بکەوێت و گۆڕانکاری لە هەندێک بەرواردا نەکرا کە بە دەستوور و یاسا دیاریکراون، ئەوا رەنگە ئەوە پشێوی نوێی لێبکەوێتەوە.
ئەگەر بەروارەکان بەپێی ویلایەتەکان جیاوازی نیشاندا، ئەوا هەموو ویلایەتەکان دەبێت لە ١٠ی تشرینی دووەم- ١١ی کانوونی یەکەم بە فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە پەسەند بکەن، دەبێت هەموو ویلایەتەکان تا هەشتی کانوونی دووەم تەواوی دەنگەکان ئەژمار بکەن و بڕیاربدەن لەوەی کام کاندیدە دەنگی نوێنەری بەدەستهێناوە.
دەبێت تا ١٤ی کانوونی یەکەم، ئەندامانی لیژنەی هەڵبژاردنی هەر ویلایەتێک دەنگ بە کاندیدی سەرۆک بدات و ئەو دەنگانەش رەوانەی واشنتۆن بکرێن. پێویستە درەنگترین کات ئەو دەنگانە تا ٢٣ی کانوونی یەکەم بگەنە کۆنگرێسی ئەمریکا.
ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران کە لە هەڵبژاردنەکەی سێی تشرینی دووەمدا هەڵدەبژێردرێن و لە سێی کانوونی دووەمدا، سوێندی یاسایی دەخۆن و دەست بە کار دەبن.
هەروەها لە شەشی کانوونی دووەمدا، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران لە هۆڵی ئەنجوومەنی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەراندا کۆدەبنەوە.
هاوکات بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پێنس کە سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانە لە هەردوو باڵەکەی کۆنگرێس یەکی یەک نوێنەر دەنگەکانی ویلایەتەکان بەپێی ریزبەندی دەخوێندرێتەوە. دوای تەواوبوونی ئەو قۆناغەش مایک پێنس ئەو ئەنجامانە بە فەرمی دەخوێنێتەوە کە رادەستی کراوە، دواتریش گوێبیستی تانەکان دەبێت ئەگەر هەبێت.
ئەگەر هەموو ئەو بەروارە بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەبچێت، ئەوا سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا لە رێوڕەسمێکی سوێندخواردندا بە فەرمی دەستبەکار دەبێت.