Muhammet Ali Kemal
05 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2017
واشنتۆن- AA
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) ئاشکرایکرد بەمەبەستی پشتیوانییکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیمارات لە پارێزگای شەبوە بۆ سەر رێکخراوی قاعیدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی، ژمارەیەک سەربازی سوپای وڵاتەکەی لە یەمەن جێگیر دەکات.
گوتەبێژی پێنتاگۆن، جێف داڤیس، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ئاشکرایکرد بەمەبەستی بەرزکردنەوەی پشتیوانیی هەواڵگریی و هێرشە ئاسمانییەکان و ئۆپەراسیۆنەکانی ئیمارات، گرووپێکی بچووکی ئەرکی تایبەت رەوانەی یەمەن دەکەن.
جێف داڤیس باسی لەوەشکرد ئەو گرووپە پشتیوانیی راوێژکاریی و تەکتیکی پێشکەش دەکەن و گوتی: ''ئێمە لەچوارچێوەی هێرشە ئاسمانییەکان و ئەو دەسەڵاتەی هەمانە، ئەگەر پێویست بکات، هێرشی زەمینی ئەنجام دەدەین. بەڵام ناوەندی سەرەکی ئەو ئۆپەراسیۆنە، بریتی دەبێت لە شەبوە کە لە لایەن ئیماراتەوە راگەیەنراوە و ئامانجی سەرەکی بریتی دەبێت لە پاککردنەوەی ناوچەکانی پارێزگاکە لە رێکخراوی ئەلقاعیدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی''.
داڤیس جەختی لەوەشکردەوە کە سەربازەکانیان راستەوخۆ بەشداریی لە شەڕەکاندا ناکەن، بەڵام هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە ژمارەی ئەو سەربازانەی بۆ یەمەنی دەنێرن، نەدا.
راشیگەیاند: ''ناتوانم بڵێم کە لە چ شوێنێک دەبن، بەڵام ئەرکی سەرەکییان بریتیی دەبێت لە دەستەبەرکردنی زانیاریی''.
لەساڵی ٢٠١٤دا دوای ماوەیەکی کەم لە دەستبەسەردا گرتنی سەنعای پایتەختی یەمەن لە لایەن حووسییەکانەوە، ئەمریکا سەربازانی سوپای وڵاتەکەی لە یەمەن کێشابوویەوە.