Muhammet Ali Kemal
16 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 16 حوزەیران 2017
مۆسکۆ- AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، سەبارەت بە دەنگۆی کوژرانی سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی، ئاماژەی بەوەکرد هێشتا زانیارییەکی ئەوتۆیان نییە کە لە سەدا سەد، هەواڵەکە پشتڕاست بکاتەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە مۆسکۆ ئەنجامی دا، سێرگی لاڤرۆڤ وەڵامی پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بە روونکردنەوەکەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی کە رایگەیاندبوو ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەبوبەکر بەغدادی لە هێرشێکی ئاسمانیی وڵاتەکەیاندا کە رۆژی ٢٨ی ئایار بۆ سەر رەققە ئەنجامیانداوە، کوژرابێت، رایگەیاند ''منیش ئەو روونکردنەوەیەم بیست، هێشتا زانیارییەکی ئەوتۆم نییە کە لە سەدا سەد، هەواڵەکە پشتڕاست بکاتەوە''.
لاڤرۆڤ تیشکی خستە سەر ئەوەی هەمیشە هەواڵەکانی پەیوەست بە کوژرانی سەرکردەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان سەدایەکی گەورە دەنێنەوە و گوتی: "بەڵام لەرێگەی ئەزموونەوە سەلمێنراوە کە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دووبارە توانای شەڕکردن بەدەستدەهێننەوە و ئەمە بۆ داعش و بۆ بەرەی نوسراش راستە".
وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئاشکرایکردبوو فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا رۆژی ٢٨ی ئایار بینایەکیان کردووەتە ئامانج کە بەرپرسە باڵاکانی داعش کۆبوونەوەیان تێدا ئەنجامداوە و لەئەنجامی هێرشەکەشدا ٣٣٠ چەکداری رێکخراوەکە کە ٣٠یان فەرماندەی مەیدانیین، کوژراون.
لە راگەیەنراوەکەدا تیشک خرابووە سەر ئەوەی کە لە چەند سەرچاوەیەکی جۆراوجۆرەوە، سەرگەرمی پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانەن کە بەغدادی لە کاتی هێرشەکەدا لەو بینایەدا بووە و کوژراوە.