Dildar Baykan Atalay
30 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2022
واشنتۆن- AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئەو گشتپرسییانەی رووسیا لە چەند ناوچەیەکی ئۆکراینا ئەنجامی دا بە "چەواشەکاری تەواو" ناودەبات و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە هەرگیز دان بە سەروەریی رووسیا لە خاکی ئۆکراینادا نانێن.
بایدن لە میانی بەشدارییکردنی لە لووتکەی ئەمریکا-وڵاتانی زەریای ئارام، گوتارێکی پێشکەش کرد و بۆ یەکەم جار لە بارەی گشتپرسییەکانی رووسیا لە ئۆکراینا دوا.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە سەروەریی و یەکپارچەیی ئۆکراینا، بۆ ئەوان زۆر گرنگە و ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە بەدرێژایی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، هەمیشە پشتیوانی ئۆکراینا بوون.
جۆ بایدن گوتیشی: "ئەمریکا هەرگیز دان نانێت بە سەروەریی رووسیا لە خاکی ئۆکراینادا. ئەو بەناو گشتپرسییانەی ئەنجام دەدرێن بەتەواوی چەواشەکارین. مۆسکۆ خۆی ئەنجامی گشتپرسییەکانیشی ئامادە کردووە. ئیدارەی راستەقینەی گەلی ئۆکراینا لەو خەباتەدا دەبینین کە هەموو رۆژێک گیانیان دەکەنە فیدای سەربەخۆیی وڵاتەکەیان".
- گشتپرسی جووداخوازەکانی ئۆکراینا بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە رووسیا
رۆژانی ٢٣-٢٧ی ئەیلوول لە بەناو کۆمارەکانی دۆنێتسک و لوغانسکی ئۆکراینا کە لەژێر کۆنترۆڵی جووداخوازەکانی لایەنگرانی رووسیادایە، لەگەڵ ناوچەکانی خیرسۆن و زاپۆریژیا کە لەلایەن رووسیاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، گشتپرسی بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی ئەنجامە نافەرمییەکانی گشتپرسییەکەش زۆرینەی دەنگەکان داوایان کردووە بخرێنە سەر رووسیا.
لەوەو پێش گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ، ئاشکرا کردبوو کە ئەمڕۆ هەینی بە بەشداریی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، رێوڕەسمی واژوو کردنی بڕیاری لکاندنی ئەو ناوچانە بۆسەر خاکی رووسیا بەڕێوەدەچێت.
یەکێتی ئەورووپا کاردانەوەی توندی بەرامبەر گشتپرسییەکە نیشاندا و پاکێجی هەشتەمی سزا خستنە سەر رووسیای ئامادە کرد کە قەدەغەکردنی بازرگانی لەگەڵ رووسیا و دیاریکردنی بەرزترین نرخ بۆ نەوتی رووسیا، لە دیارترین بەندەکانی پاکێجەکەن.