Hemin Hüseyin
12 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2017
هەولێر-AA
مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەلاحەددین ئاماژە بەوە دەکات کە پلانی سەرکردایەتی کورد ئەوەبووە لە هەنگاوی یەکەم بزانێت بۆچوونی خەڵک چییە و لە هەنگاوی دووەمیش گفتوگۆکردن بووە لە بەغدا و لەئەگەری هەر حاڵەتێکیش ئەوا دەگەڕێنەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامی گشتپرسی.
مامۆستا لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەلاحەددین، ساڵح مەلا عومەر لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا تیشکی خستە سەر قۆناغەکانی گشتپرسی و گوتی: "سەرەتا پلانی سەرکردایەتی سیاسیی کورد لە قۆناغی یەکەم ئەوەبوو کە بزانێت بۆچوونی خەڵک چییە و دواتر بێت لەسەر ئەو ئەنجامە قسە لەگەڵ بەغدا بکات چونکە سیستەمی فیدڕاڵی لە عێراق شکستی هێنا و بینیمان کە گرووپە تیرۆریستییەکان توانییان پێگەیەکی بەهێزیان لەناو پارێزگاکانی سوننە دا هەبێت و ئەمەش دەرهاوێشتەی ئەوەبوو کە بەغدا سیستەمێکی خراپی پەیڕەو دەکرد و دەبوو بیری لەوە بکردایەوە کە کۆتایی بەم کێشانە بێت لە عێراق، چونکە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کە سەرکردایەتی سیاسیی کورد بڕیاریدا بچێتەوە بەغدا، لەبەر ئەوە هەستی کرد کە دەوڵەتێکی دیموکراسی و فیدڕاڵی دەبێت، بەڵام وەک دەبینین رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر بوو، بۆیە هیچ متمانەیەک نەماوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٥ هیوامان ئەوەبوو کە کار بە دەستووری نوێ بکرێت و هەندێک لایەن پێیان وابوو نابێت کار بەو دەستوورە بکرێت و یەکێک لەوانە ئەمریکا بوو، کە ئێمە دەمانگوت دەبێت ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت ئەوا پڕۆژەی بێکەر هامڵتۆن هاتە پێش و گوتیان ئەگەر جێبەجێ بکرێت کێشەکە گەورەتر دەبێت".
ئەو دکتۆرەی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەلاحەددین، ئاماژەی بەوەشکرد کە هێزەکانی ئەمریکا نەک هەر یارمەتی جێبەجێکردنی دەستووری عێراقیان نەداو و بەڵکو پاشەکشەشیان لە عێراق کرد و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە بینیمان لە ساڵی ٢٠١١ ئەمریکا پاشەکشەی کرد و یارمەتی ئەوەی نەدا کە دەستوور جێبەجێ بکرێت، ئێستاش ئەگەر بەغدا رازی نەبێت گفتوگۆی لەگەڵ بکەین، ئەوا داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش یان وڵاتانی دیکە دەکەین بە شێوەیەک یارمەتی بەغدا بدەن بۆ ئەوەی کە دیالۆگ هەبێت و کێشەکە بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت چونکە ئەگەر بەغدا بیەوێت بڕیاری ئەوە بدات کە لەگەڵ کوردستان دانەنیشێت ئەوا بە دڵنیاییەوە کوردستانیش لەگەڵ بەغدا دانانیشت و کورد بڕیاری خۆیداوە".
چەند رۆژێک پێش ئێستا، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی عێراق، حەیدەر عەبادی ئاماژەی بەوەکرد کە ئامادەیی گفتوگۆکردنییان تێدایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەڵام لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی ریفراندۆم نەبێت و داوای کرد کە پێویستە لە ژێر چەتری دەستووری عێراقدا گفتوگۆ بکرێت و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی گشتپرسیشی کرد.
ساڵح مەلا عومەر سەبارەت بە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، گوتی: "باوەڕمان وابوو کە مالیکی کەسێک بووە ئیدارەیەکی خراپی کردووە و هەوڵدرا بگۆڕدرێت و سەرەتا عەبادی بەڵێنی بە کورددا کە کێشەکان چارەسەر بکات بەڵام دەبینین ئەوە کابینەکەی عەبادی تەواو دەبێت و کێشەکانیش ئەگەر زیاتر نەبووبن کەمتر نەبووە، دوای ئەوەش دەبێت سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی ئەم پرسیارە لەخۆی بکات کێ دەتوانێت ئەم ئەنجامە هەڵوەشێنێتەوە، بە دڵنیاییەوە هیچ دەزگایەک نیە ئەم دەسەڵاتەی هەبێت کە ئەم ئەنجامە هەڵوەشێنێتەوە و پێم وابێت تێگەیشتنێکی باشی بۆ پڕۆگرامەکانی سیاسیی و یاسایی نیە و چونکە ئەمە بڕیاری گەلە و هیچ دەسەڵاتێک نیە ئەمە هەڵوەشێنێتەوە ئەمە بۆخۆی دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی زیاتر".
لەماوەی هەفتەیەکدا دوو گشتپرسی بۆ دوو هەرێمی جیاواز ئەنجامدرا، یەکێکیان هەرێمی کوردستان و دووەمیان کەتەلۆنیا، کە ئەمەش کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و سەبارەت بە جیاوازیییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کەتەلۆنیا، دکتۆر ساڵح مەلا عومەر پێیان وایە ئەو دوو هەرێمە دوو مێژووی جیاوازییان هەیە و دەرهاوێشتەکانیش بەپێی مامەڵەکردنی وڵاتەکەیانەوە دەگۆڕێت.
سەبارەت بە جیاوازییەکانی نێوان گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان و گشتپرسییەکەی کەتەلۆنیا، دکتۆر ساڵح مەلا عومەر گوتی: "مێژووی کەتەلۆنیا و مێژووی کوردستان زۆر جیاوازە کە تەنیا پڕۆسەی ئەنفال بەسە بۆ ئەوەی جیاوازییەکان ببینین، ریفراندۆم لەهەر شوینێک بێت، تاوان نیە، بە بۆچوونی من ئەوە شتێکی هەڵەیە و خەڵکی کەتەلۆنیا بڕیاریداوە کە جیابێتەوە، رەنگە هۆکاری ئەوەبێت کە ئیسپانیا نەیتوانیووە وەکو پێویست خزمەت بە کەتەلۆنیا بکات، ئەمەش شتێکی دیموکراسییە کە گشتپرسی بکرێت، ئەگەر ئێمە سکوتلەندا بە نموونە وەرگرین دەبینین کاتێک سکوتلەندا خواستی جیابوونەوەی لە بریتانیا هەبوو، گشتپرسییان ئەنجامدا بەڵام ئەنجامی گشتپرسییەکە ئەوە بوو کە خەڵک نەیویست جیابێتەوە، بۆیە ئەمە شتێکی ئاسایی و یاساییە بەپێی یاساکانی نێودەوڵەتی رێگاپێدراوە".
ساڵح مەلا عومەر گوتیشی: "ئەوە گشتپرسییەی هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوە نەبووە کە ئیدارەکەی باشتربێت یان باشتر نەبێت بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە کورد بووەتە قوربانی، جینۆساید بەسەر کورددا هاتووە و هیچ دەروازیەک نەبووە کە هەست بکەین دەمانگەیەنێتە کەنارێکی ئارامیی، ئێمە عێڕاقێکی تازەمان تاقیکردەوە، ئەمریکا هات و دەیگوت دیموکراسی بەرقەرارە و بینیمان جینۆسایدمان بەسەرهات، واتا چ زەمانەتێک هەیە کە لەداهاتوودا جارێکی دیکە ئێمە رووبەڕووی ئەو کارەساتە نەبینەوە".
کەتەلۆنیا دوای دە رۆژ لە ئەنجامدانی پڕۆسەی گشتپرسی، لە پەرلەمانی وڵاتەکەی بڕیاریدا کە ئەنجامەکانی گفتوگۆ هەڵپەسێرێت و بکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتەکەی مەدرید.
پەرلەمانتارێکی کوردستان پێی وایە ئەنجامەکانی گشتپرسی هەرێمی کوردستان هەڵپەسێردرێت و لەگەڵ حکوومەتی بەغدا بکەونە گفتوگۆ بۆ ئەوەی کێشە و گرفتەکانی نێوانییان چارەسەر بکەن، هاوکات ئاماژەیش بەوە دەکات کە تا ئێستا هیچ وڵاتێک پشتگیری گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستانی نەکردووە.
سەبارەت بە بڕیارەکەی پەرلەمانی کەتەلۆنیا لەمەڕ هەڵپەساردنی ئەنجامەکانی گشتپرسی، پەرلەمانتاری کوردستان، ئایدن مەعرووف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو بڕیارەی کەتەلۆنیا کە بۆ هەڵپەساردنی ئەنجامی گشتپرسی دەریکردووە، راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان، چونکە دەبینین پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بەرەو خراپی دەڕوات و کاردانەوەیەکی توندی هەیە لەلایەن دەوڵەتانەوە، تا ئێستاش هیچیان پشتگیرییان لە هەرێمی کوردستان نەکردووە و ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پڕۆسەکە لە چوارچێوەی دەستوور نیە و بڕیارێکی تاکلایەنەیە".
ئایدن مەعرووف سەرەڕای ئەوەی تێبینی لەسەر کاتی ئەنجامدانی پڕۆسەی گشتپرسی هەبوو، پێیشی وایە کە دەستووری عێراق زامنی مافی پێکهاتەکانە و لەمبارەیەوە گوتی: "پێمانوایە بە هەڵپەساردنی بڕیارەکەی گشتپرسی، پەیوەندییەکان ئاسایی ببنەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، دواتر بە رێگای دەستووری عێراق کە زامنی هەموو پێکهاتەکانە و لە ئێستاشدا بە باشی دەبینین کە رەوشی سیاسیی خراپە و دەبێت چارەسەر بکرێت، هاوکات دەبێت حکوومەتی عێراق هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکان بدات و ئێمەش دوای ئەو راپرسییە لە حاڵەرتێکی دڵەڕاوکێین و ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەیە".
سەبارەت بە هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقیش، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "هەموارکردنەوەی دەستوور کارێکی ئاسان نیە چونکە ئەمە پێویستی بە رێکەوتنێکی نێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی یەکسانی کە لە بەرژەوەندی هەموولایەک بێت و لەم کاتەدا هەموارسنەوەی دەستوور سەختە، دەبێت ئەوەش بزانین حکوومەتی عێراق تاچەند ئامادەیە بۆ ئەم پڕۆسەیە، چونکە عێراق مەسەلەی مووسڵ و تەلەعفەر و شنگال و کەرکووکی هێشتا چارەسەر نەکردووە و دەبێت دەستووری عێراق ئەو رۆڵە ببینێت".
رۆژی ٢٥ـی ئەیلوول، خەڵکی هەرێمی کوردستان پڕۆسەی گشتپرسییان بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەمجام دا و دوای ٧٢ کاتژمێریش، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە نزیکەی سەدا ٩٣ـی هاووڵاتییان دەنگیان بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان داوە و ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوەم لە یەکەم کاردانەوەشدا بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی عێراق، گەشتە ئاسمانییەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی وەستا و تەنیا گەشتە ناوخۆییەکان ئەنجام دەدرێت.