06 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2021
پەکین - AA
حکوومەتی دوورگەی تایوان کە لەگەڵ چین ناکۆکی هەیە، هۆشداری لەوە دا کە چین تا ساڵی ٢٠٢٥ لەڕووی سەربازییەوە دەگاتە ئاستێک کە دەتوانێت تەواوی گەرووی تایوان کۆنترۆڵ بکات.
ئاژانسی هەواڵیی "کیۆدۆ"ی ژاپۆنی بڵاوی کردەوە، وەزارەتی بەرگریی تایوان لە راپۆرتێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە چەند ساڵی رابردوودا، چین لە بەرهەمهێنانی کەشتی فڕۆکەهەڵگر، کەشتی جەنگیی و ژێردەریاییدا بەخێرایی گەشەی کردووە.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە حکوومەتی پەکین تا ساڵی ٢٠٢٥ دەتوانێت سەرجەم ئۆپەراسیۆنە دەریایی و ئاسمانییەکان لە گەرووی تایوان بوەستێنێت و گەرووەکە دابخات.
ئاماژە بەوەش دراوە کە سوپای چین ئۆپەراسیۆنەکانی بۆسەر ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان چین و تایوان زیاد کردووە، ئەمەش ئامادەکارییە بۆ هێرشکردنە سەر تایوان، هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی چین ساڵی رابردوو، ٣٨٠ جار و ئەمساڵ ٦٠٠ جار کایەی ئاسمانیی تایوان-یان بەزاندووە.