Dildar Baykan
06 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2020
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوەی ئەو نەخۆشخانەیەی جێهێشت کە تیایدا چارەسەری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی وەردەگرت لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند ''رێگە مەدەن ڤایرۆسەکە بەسەرتاندا زاڵ بێت، لێی مەترسن''.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی تۆمارکراوە و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە توڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە ''زۆر شت لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ فێربووم. شتێکی یەکلاکەرەوە هەیە. رێگا مەدەن ڤایرۆسەکە بەسەرتاندا زاڵ بێت، لێی مەترسن. دەتوانن بەسەر ڤایرۆسەکەدا سەرکەون''.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە ئەمریکا خاوەن باشترین دەرمانە لە جیهاندا و گوتی: ''کاتێک یەکەمجار چووم بۆ نەخۆشخانە هەستم نەکرد باش بم، بەڵام دوو رۆژ پێش ئێستا نەخۆشخانەم جێهێشت. دوای ماوەیەکی زۆر ئەوە یەکەمجارە هەستدەکەم ئەوەندە باشم''.
دۆناڵد ترەمپ، داوای لە هاووڵاتییان کرد ژیانیان رادەستی ڤایرۆسەکە نەکەن و رایگەیاند ''دەگەڕێینەوە سەر کارەکانمان. وەک سەرکردەتان من لە پێشەوە دەبم. دەزانم مەترسییەک لە ئارادایە، بەڵام ناچارم ئەوە بکەم. لە پێشەوە دەوەستم و سەرکردایەتی دەکەم''.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەست دەکات باشترە و رایگەیاند ''نازانم رەنگە من بەرگریم هەبێت، بەڵام رێگا مەدەن ڤایرۆسەکە بەسەرتاندا زاڵبێت. وریا بن''.
دۆناڵد ترەمپ هەروەها دووپاتی کردەوە کارەکانی ڤاکسین و چارەسەرکردن درێژەی هەیە و سوپاسی ئەو کەسانەشی کرد کە لە نەخۆشخانەی واڵتەر ریدی سەربازیی گرنگیان پێداوە و بەدەوریەوە بوون.
شەوی پێنجشەممە لەسەر هەیینی، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد کە پشکنینی خۆی و میلانیا-ی هاوسەری بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ پۆزەتیڤ دەرچووە و رۆژی هەینیی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی واڵتەر ریدی سەربازیی لە ویلایەتی ماریلاند کە ٣٠ خولەک لە واشنتۆن دی سی پایتەختەوە دوورە.
دوای مانەوەی سێ شەو لە نەخۆشخانە، ترەمپ ئێوارەی رۆژی یەکشەممە نەخۆشخانەی جێهێشت.