Yusuf Aydın Deniz
30 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2015
دوای ئەوە لە 12/11/2015 چەند چەکدارێکی حەشدی شەعبی لە بازگەی محاویلەکەی باشووری خورماتوو دەبێتە دەمەقاڵێیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و دوای ئەوەش رەوشی ناوچەکە بەرەو گرژی و ئاڵۆزی چوو، چەند جارێک بڕیاری ئەوە درا کە هەردوولا بگەنە رێککەوتنێک و بەڵام بەهۆی تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکان نەتوانرا کۆنترۆڵ بکرێت.
ئەم شارە لە باکوورەوە داقوق و لە باشوورەوە سلێمان بەگ و لە رۆژھەڵاتەوە شاری کفری و لە خۆرئاواوە گوندی یەنگیجەیە، لەڕووی سرووشتییەوە ئەم شارە سووتەمەنی و خەڵوز وشتی تری زۆرە و بەبێ ئەوەی ترومپا و پاڵاوگەی نەوت دابنرێت لەو سنوورەدا و ئەم ناوچەیە هەتا کاتی رووخاندنی رژێمی بەعس لە نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە ناوچەی قەدەغە کراو، ناو دەبرا.
بە بیانوی بوونی پێکھاتەی شیعە لە ناوچەکە ھێزێکی میلیشیا بەناوی حەشدی شەعبیەوە رووی لە ناوچەکە کرد، ھێزێکی پێکھاتوو لە چەندین گرووپی جیاجیای وەک بەدر و سەدر و گرووپی خوراسانی و ھتد.
لەڕووی پێکهاتەی نەتەوەییەوەش ئەم شارە هەریەک لە نەتەوەکانی کورد و عەرەب و تورکمان تێیدا دەژین و هەندێکیان سوننە و هەندێکیشیان شیعە مەزهەبن.
بۆ دوایین زانیاری لەسەر رەوشی ناوچەکە، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و رۆشنبیری و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە عەمید هەڵگورد حیکمەت لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادڵو گوتی :"ئێمە ئەگەر سەیری ئەو ناوچانەی سنووری مادەی 140 بکەین دەبینین لە رووی جوگرافییەوە حەساسیەتێکی زۆر بابەتییانەی هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئەم ناوچانە جۆرێک لە پێکهاتەی جۆراوجۆری تێدایە ئەگەر بە عاقڵانە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، ئەوە دەبێ چاوەڕێی ئەم دۆخە نەخوازراوانە بکەین، خورماتوو تایبەتمەندی خۆی هەیە کە پێکهاتەی کورد و عەرەب و تورکمانی لێ دەژین و ئایین و مەزهەبی جیاوازی تێدایە، ئەمە حاڵەتێکە بە بۆچوونی من چاوەڕوان کراوە، ئەمە لە سەرانسەری دونیا و بەتایبەت لە عێراق کە پڕە لە هەڵاوسانی سیاسی و ئەم جۆرە کێشانە بەردوام بوونیان دەبێت".
سەبارەت بە چارەسەری کێشەکانی ئەم ناوچەیە عەمید هەڵگورد گوتی: "تاکە چارەسەر ئەوەیە کە خەڵکی ناوچەکە هۆشیار بکرێنەوە و درێژە بەو پەیوەندییە پێکەوە ژیانەی رابردوویان بدەن و لایەنی سیاسیش دەست نەخەنە نێو پێکهاتەکانی کۆمەڵایەتی خورماتوو بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە بۆ خۆیان درێژە بەم پەیوەندییە بدەن و دەبێ بەرچاو روونییان پێ بدرێت کە تەنیا خورماتوو نییە کە پێکهاتەی جۆراوجۆری تێدایە".
عەمید هەڵگورد دڵنیایە کە هێزی پێشمەرگە بەشداری ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی شاری مووسڵ دەکات و ئەوان پابەندن بە سیاسەتی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی.
هەر لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە پرسی مووسڵ و مەرجی بەشداریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، عەمید هەڵگورد حیکمەت گوتی :"هێزی پێشمەرگە پابەندە بە سیاسەتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و ئەم هاوپەیمانێتییە دژی هێزێکی تیرۆریستی لە تەواوی دونیا شەڕ دەکات. ئێستا هێزی پێشمەرگە تاکە هێزە بتوانێت نوێنەرایەتی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بکات لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە لە هەر پرۆسەیەکی رزگارکردنی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی تیرۆرستان بەشێکە لە سیاسەتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و لەسەر زەوی پێشمەرگە جێبەجێی دەکات بەڵام وردەکاری چۆنیەتی بەشداریکردنی هێزی پێشمەرگە ئەوە پێویستە لە لێژنەکانی تایبەتمەند و ژوورێکی تایبەت هەیە بۆ ئەم بابەتە و ئەوان رێوشوێنەکان دیاری دەکەن".
جێی ئاماژەیە شاری مووسڵ لە 10/6/2014 لەلایەن رێکخراوی تیرۆرستی داعش دەستی بەسەردا گیرا و ئیستاش ئەم شارە لە ژێر دەسەلاتی داعشدایە.
مووسڵ شارێکە کە زۆرینەی دانیشتووانی عەربە و نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی کوردن، دەوروپشتی شارەکە زۆرینەی کوردن و گرنگی شاری مووسڵ لەوەدایە کە پردی وشکاییە لە نێوان عێراق و سووریا.