Mustafa Keleş,Muhammet Ali Kemal
08 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2017
نەتەوەیەکگرتووەکان- AA
یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی، جێفری فێڵتمان: "رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ژمارەیەک لەو ناوچانەی کۆنترۆڵی کردبوون لەدەستیداوە و ئەو داهاتەی کە پێشتر دەستیدەکەوت، چیتر دەستیناکەوێت، بەڵام خاوەنی پارەی پێویستە بۆ درێژەدان بەچالاکییە تیرۆریستییەکانی".
یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی، جێفری فێڵتمان ئاشکرای کرد رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ژمارەیەک لەو ناوچانەی کۆنترۆڵی کردبوون لەدەستیداوە و ئەو داهاتەی کە پێشتر دەستیدەکەوت، چیتر دەستیناکەوێت، بەڵام خاوەنی پارەی پێویستە بۆ درێژەدان بەچالاکییە تیرۆریستییەکانی.
جێفری فێڵتمان لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە''هەڕەشەی داعش لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی''دا کە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، زانیاریی سەبارەت بەو راپۆرتە ئاشکرا کرد کە سکرتاریەتی گشتیی رێکخراوەکەی ئامادەیکردووە.
فێڵتمان رایگەیاند ''داعش لە زۆر شوێن چووەتە حاڵەتی بەرگرییەوە'' و باسی لەوەکرد ئەگەرچی سەرچاوەکانی داهات و ئەو ناوچانەی بەدەستییەوە بوون، کەمیکردووە و لەدەستیداوە، بەڵام هێشتا پارەی پێویستی بۆ درێژەدان بەکردەوە تیرۆریستییەکانی بەدەستەوە، ماوە".
یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی ئاشکرای کرد سەرچاوەکانی داهاتی داعش پشتی بەزەوتکردن و قاچاخچێتیی سووتەمەنیی دەبەست و نیگەرانیی نەتەوەیەکگرتووەکانیشی نەشاردەوە لەوەی کە بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتاکانی داعشەوە، پەنا بۆ سەندنی فیدیە و رێکارە هاوشێوەکانی دەستخستنی پارە بەرێت.
جێفری فێڵتمان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە داعش تادێت رێگەی نهێنیتر و پاریزراوتر بۆ پەیوەندییکردن و دەستخستنی ئەندامی نوێ بەکاردەهێنێت و گوتی: ''داعش هێرشەکانی بۆسەر وڵاتانی دراوسێی عێراق و سووریا پەرش کردەوە و بەردەوامە لە هاندانی هەوادارانی کە لە ناوچەکەوە دوورن بۆ ئەوەی کردەوەی تیرۆریستیی ئەنجامبدەن. ئەو تیرۆریستە بیانییانەی عێراق و سووریایان جێهێشتووە، بوونەتە مایەی زۆربوونی هەڕەشە لە وڵاتەکانی خۆیان''.
فێڵتمان باسی لەوەکرد ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی و هاریکاریی نێوان وڵاتان لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا زیادیکردووە بەڵام پێویستە رێوشوێنی زۆرتر بگیرێتە بەر.
لەدوای گوتەکانی جێفری فێڵتمانەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بەئامادەبوونی ئەندامانی، دەستی بەکۆبوونەوەیەک کرد و دوای کۆبوونەوەکەش هیچ لێدوان و روونکردنەوەیەک بڵاونەکرایەوە.