Dmitri Chirciu
25 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2022
مۆسكۆ – AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاشكرایكرد ئەو بنکەیەیان لە ئۆکراینا خاپوورکردووە کە تەقەمەنی پێویستی ئەمریکی بۆ سیستمی مووشەکی HIMARS تێدا بووە.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ لەبارەی چالاکییەکانی سوپای وڵاتهكهی لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا باسی لهوه كرد، لەڕێگهی چەکی ئێجگار هەستیاری دوورمەودا، لە دەریاوە ئەو بنکەیەیان لە ناوچەی همێلنیتسکی خاپووركردووە کە تەقەمەنی پێویستی ئەمریکی بۆ سیستمی مووشەکی HIMARS و گوللە تۆپی بۆ سیستمی تۆپهاوێژی M777 تێدا بووه.
کۆناشێنکۆڤ ئاماژەی بەوە دا سوپای ئۆکراینا هەوڵی داوە گرووپی بەرپەرچدانەوە لە ناوچەی خێرسۆن جێگیر بکات، بەڵام هێزەکانیان ئەو گرووپەیان بە ئامانج گرتووە و رایگهیاند: "لە ئاکامی هێرشێکدا بە چەکی ئێجگار هەستیار زیاتر لە ١٠٠ سەرباز و جەنگاوەری بەکرێگیراوی بیانی لە ناوچەی دۆنێتسک لەچالاکی خراون. لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا شەش خاڵی چاودێری، چوار کۆگای چەک و تەقەمەنی و راداری سیستمی بەرگریی ئاسمانی S-300ی سوپای ئۆکراینا تێک شکێندراون".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا باسی لهوهكرد، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستووهته خوارهوه و دەستیان بەسەر شەش گوللە تۆپی مووشەکهاوێژی فرەلوولەدا گرتووە، راشیگهیاند: "تا ئهمڕۆ ٢٦٠ فڕۆكه، ١٤٤ هێلیكۆپتهر، ٣٥٧ سیستمی مووشهكی بهرگریی ئاسمانیی، هەزار و ٦١١ فڕۆكهی بێفڕۆكهوان، چوار ههزار و ١٦١ تانک و زرێپۆش، ٧٦٣ مووشهكهاوێژی فرهلووله، سێ هەزار و ١٩٨ گوللەتۆپ و گوللەهاوهن و چوار ههزار و ٤٥٩ ئۆتۆمبێلی سهربازیی ئۆكراینا تێك شکێندراون".