Ali Cura
25 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2023
مۆسکۆ - AA
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەوەی رایگەیاند کە ئۆکراینا بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی رووسیا لە دەریای رەش، دڵنیاییەکانی پێشێل کردووە و هەڕەشەی لەسەر درێژکردنەوەی رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵە دروست کردووە.
لەو بارەیەشەوە وەزارەتی بەرگریی رووسیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تییادا ئەوە خراوەتەڕوو کە پێشتریش ئۆکراینا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا بە کەشتی بێکەشتیوان، "پەلامارێکی تیرۆریستی" بۆسەر چەند کەشتییەکی مەدەنی و سەربازیی رووسیا لە دەریای رەش ئەنجامدابوو کە ئەرکی کەشتییە سەربازییەکان دابینکردنی ئاسایشی رێڕەوی گواستنەوەی دانەوێڵە بوو، بەمهۆیەشەوە رووسیا رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵەی لە بەندەرەکانی ئۆکرایناوە، هەڵپەسارد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "تەنها لە سایەی دڵنیاییەکانی تورکیا و بەڵیننامە نووسراوەکانی تایبەت بە بەکارنەهێنانی رێڕەوی مرۆیی و بەندەرەکانی ئۆکراینا بۆ کاری سەربازیی دژبە رووسیا، ئەم رێککەوتننامەیە نوێکراوەتەوە".
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە ٢٣ی ئادار تا ٢٤ی نیسانی ئەمساڵ، ئۆکراینا دڵنیاییەکانی پێشێل کردووە و چەندین جار لەڕێی کەشتی بێکەشتیوانەوە هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی مەدەنی دوورگەی قرم و کەشتییە سەربازییەکانی رووسیا لە سیڤاستۆپۆڵ.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها هاتووە: "شیکارکردنی رێڕەوی جووڵەی کەشتییە بێکەشتیوانەکانی ئۆکراینا، ئەوە نیشاندەدەن کە ئەم کەشتییانە لە بەندەری ئۆدێساوە کەوتوونەتەڕێ. ئەوان بەڵێنی ئەوەیان دا کە لە بەندەرەکانی ئۆکرایناوە هاوکاری مرۆیی و بەروبوومی کشتوکاڵی هەناردە بکرێت. حکوومەتی کیێڤ بە کردە تیرۆریستییەکانی هەڕەشەی لەسەر دووبارە درێژکردنەوەی رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵە دروست کرد کە لە ١٨ی ئایاردا کۆتایی دێت".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشکۆڤا ئەوەی ئاشکرا کرد کە کاتژمێر ٠٣:٣٠ی بەرەبەیان بەکاتی مۆسکۆ، سوپای ئۆکراینا بە سێ کەشتی بێکەشتیوان هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە سەربازییەکانی رووسیا لە بنکەی سەربازیی سیڤاستۆپۆل لەسەر دەریای رەش و کەشتییە بێکەشتیوانەکانیش تێکشکێندراون.