Dmitri Chirciu
27 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2022
مۆسکۆ- AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ دەربارەی وەڵامەکەی ئەمریکا بۆ پێشنیازەکانی دەستەبەریی ئەمنیی رایگەیاند "لە بەڵگەنامەکەدا هەندێک وەڵامی ئومێدبەخشیش هەیە وەک دەستکردن بە راوێژکاریی جیددیی لە بارەی بابەتەکانی پلانی دووەم".
سێرگی لاڤرۆڤ لە بارەی وەڵامەکەی ئەمریکا، لێدوانی دا و گوتی: "هەرچەندە لە بەڵگەنامەکەدا دەربارەی گرنگترین بابەت وەڵامی ئەرێنی نییە، بەڵام هەندێک وەڵامی ئومێدبەخشیش هەیە وەک دەستکردن بە راوێژکاریی جیددیی لە بارەی بابەتەکانی پلانی دووەم".
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەش دا کە پەلهاوێشتنی ناتۆ بە ئاراستەی رۆژهەڵاتدا بەلای وڵاتەکەیەوە گرنگە و رایگەیاند "لە پێشنیازەکانماندا دوو بابەتی گرنگی پەیوەندیدار بەیەکەوە هەن. یەکەمیان مافی ئەوە دەدات بە هەموو وڵاتێک کە هاوپەیمانییە سەربازییەکانی بەئازادی بەکاربهێنێت. دووەمیشیان ئەوەیە کە هەموو دەوڵەتێک ئەرکی سەر شانییەتی ئاسایشی خۆی لەڕێی پێشێلکردنی ئاسایشی ئەوانی دیکەوە، بەهێزنەکات".
سێرگی لاڤرۆڤ ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە وەڵامی ناتۆشیان لەبارەی پێشنیازەکانی دەستەبەریی ئەمنییەوە بەدەستگەیشتووە و گوتی: "هەردوو وڵامەکە بەیەکەوە هەڵدەسەنگێنین. ئەم وەڵامانە، دوای راوێژکاریی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکان دەخرێنە بەردەم سەرۆکی ئەمریکا، ڤلادیمیر پوتین. لەسەر هەنگاوەکانی ئایندەی وڵاتەکەشمان، پوتین بڕیار دەدات"