Dmitri Chirciu
03 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2022
مۆسکۆ-AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، رایگەیاند لە شەڕەکەیاندا لەگەڵ ئۆکراینا، ٤٩٨ سەربازی رووسی گیانیان لەدەستداوە و ھەزار و ٥٩٧ سەربازی دیکە برینداربوون.
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ لە روونکردنەوەیەکیدا بۆ رۆژنامەوانان ئاماژەی بەوە کرد، سوپای رووسیا بەردەوامە لە پێشڕەویی لەنێو ئۆکراینادا.
کۆناشینکۆڤ رایگهیاند: "بەندەری کراسنی (بەندەری سوور)، تۆرسک، کرێمیننا، ڤارڤارۆڤکا و یەکە نیشتەجێبوونەکانی بۆرۆڤێنکی کۆنترۆڵ کراون".
باسی لەوەش کرد کە شاری ماریوپۆلی ئۆکراینایان گەمارۆداوە و رایگەیاند مەدەنییەکانی کیێڤی پایتەخت، خارکێڤ و ماریوپۆل دەتوانن لەو رێرەوە ئەمنییانەی کە درووستکراوە دەربازبن.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا بانگەشەی ئەوەشی کرد کە لایەنی ئۆکراینی رێگەیان بە دەربازبوونی خوێندکارە ھیندییەکانی شاری خارکێڤ نەداوە.
- "٤٩٨ سەربازی رووسیی کوژراون"
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ زانیاریی لەسەر زیانەکانی سوپای رووسیا لە شەڕیان لەگەڵ ئۆکراینا ئاشکرا کرد و گوتی: "٤٩٨ سەربازی رووسی کە ئەرکەکانیان بەجێ دەگەیاند گیانیان لەدەستدا. ھاوکاری پێویست بە خێزانی کوژراوەکان دەدرێت. ھەزار و ٥٩٧ سەربازیش برینداربوون".
کۆناشینکۆڤ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەوانەی "سەربازیی خێرا" دەکەن و خوێندکارانی کۆلێژی سەربازیین رەوانەی شەڕەکە نەکراون و بانگەشەی کوشتنی دوو ھەزار و ٨٧٠ سەربازی ئۆکراینی و برینداربوونی سێ ھەزار و ٧٠٠ سەربازی دیکەی کرد.