ئەنقەرە
رێکخراوی (ئازادبوون لە ئەشکەنجە Freedom from Torture) کە ناوەندی لە لەندنی پایتەختی بەریتانیایە، لە راپۆتێکیدا سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی زیندانیانی ژنان لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات ھاتووە، "پاسەوانەکانی ناو بەندینخانەکانی ئەو وڵاتە لە رێگەی دەستدرێژی سێکسیەوە سزای بەندکراوە ژنەکان دەدەن، سەربازەکان ئەو رێگەیەیان وەک چەک لە دژیان بۆ چاوترسێنیان بەکار ھێناوە."
لە راپۆرتی رێکخراوەکە باس لە ژیانی ٣٤ ژنی کۆنگۆی دیموکرات کراوە کە تەمەنیان لە نێوان ١٨-٦٢ ساڵدایە و دەستدرێژی سێکسی بەکۆمەڵیان کراوەتە سەر و دوای ئازادبوونیان وەک پەنابەر خۆیان گەیاندووەتە وڵاتی بەریتانیا و لە لەندەن نیشتەجێن.
یەکێک لەو ژنانەی لە راپۆرتەکە ئاماژەی بۆ کراوە، بەھۆی ئەوەی بەشداری لە خۆپیشاندانی دژ بە دستدرێژی سێکی بۆسەر ئافرەتان لە کۆنگۆ کردووە، لە لایەن ھێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کراوە، دواتر دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر.
یەکێکی دیکە لە گیراوەکان کە بە کۆمەڵ دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر و ئەشکەنجە دراوە و نزیکەی ٦٨ برین بە جەستەیەوە دیارە کە لە لایەن پزیشکەوە تۆمار کراوە.
دکتۆر جولیەت كۆھێن کە وەک پزیشکی لێکۆڵەرەوە لە رێکخراوەکە کار دەکا، باسی لە تۆمارەکانی دستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنانی ناو بەندینخانەکە کردووە و رایگەیاندووە، "نیشانەکانی سەر جەستەی بەندکراوەکان ئەوە دەردەخەن کە لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات دەستدرێژی سێکسی وەک شتێکی ئاسایی جێیبەجێ دەکرێ."
رێکخراوی ئازادبوون لە ئەشکەنجە لە راپۆرتەکەیدا ئاشکرای کردووە، بۆ بێدەنگکردنی بەندکراوەکان، پاسەوان و ئاسایش پارێزەکان دەستدرێژی سێکسی وەک چەک بە روویاندا بەکار دێنن.
کۆماری کۆنگۆی دیموکرات لە ساڵی ١٩٩٠ەوە تا ئێستا، بە رووداوی شەڕ و توندوتیژی لەسەر شانۆکان دەرکەوتووە، دەستدرێژی سێکسی و ئەشکەنجە وەک ھێزی چەکی جەنگ لەم وڵاتە بەکار دەھێنرێ.
ژنێک کە لە راپۆرتەکەدا ناوی بە فەیت ھاتووە، لە ساڵی ٢٠١٣ لە ویلایەتی (باس-كۆنگۆ) دوای ئەوەی بەشداری لە خۆپیشاندانی دژی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنان کردووە، لە لایەن ھێزە ئاسایشپارێزەکانی ئەو وڵاتەوە لە ماڵەکەی ھێرشی کراوەتە سەر و دەستگیر کراوە.
ئەو ژنە لە بەریتانیا لە ژێر چارەسەری دەروونی بووە، گوتویەتی: "لە بەرچاوی ھەموو خێزانەکەمان دەستدرێژی سێکسییان کردە سەر خوشکەزاکەم، دواتر منیان دەستگیر کرد، ئەوەندە زۆر بوو نازانم چەندجار دەستدرێژی سێکسییان کردە سەرم، دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی ناو زیندانییەکان بووەتە کارێکی ئاسایی، سەربازەکان و پاسەوانەکان بە چاوی مرۆڤ ناڕواننە ژنان، ھەموو لایەک دەترسن و بێدەنگی دەنوێنن."
لای خۆیەوە گوتەبێژی حکومەتی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات ئاشکرای کرد، "ئەگەر رێکخراوەکە روونکردنەوە و بەڵگەی زیاتر بدا، وەڵامی سەرجەم ئەو دەنگۆیانە دەدەنەوە."