Davit Kachkachishvili
27 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2022
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند کە جەنگی دژبە رووسیا درێژەی هەیە و پێکدادانی توند لە دۆنباس بەردەوامە.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامێکیدا کە شەوی رابردوو لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ جەنگی رووسیا-ئۆکراینا کرد.
سەرۆکی ئۆکراینا باسی لەوە کرد کە شەڕ و پێکدادانی توند لە بەری دۆنێتسک و ڵوهانسک سەربە ناوچەی دۆنباس بەردەوامە و گوتی: ''دۆخەکە لەوێ سەختە و مایەی نیگەرانییە''.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی باسی لەوە کرد، سوپای رووسیا سەرەڕای هێرشە چڕەکانی بەڵام نەیتوانیەوە پێشڕەوی بکات، هاوکات سوپاسی سوپای وڵاتەکەی کرد بۆ ئەو بەرگرییە دژبە هێزەکانی رووسیا دەیکات.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی باسی لەوە کرد کە لەبەر ئەو زیانانەی بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە بەر ژێرخانی وزە کەوتووە، پچڕانی کارەبا لە سەرانسەری وڵاتدا درێژەی هەیە و نزیکەی نۆ ملیۆن کەس بێ کارەبان و لایەنی پەیوەندیداریش بەردەوامە لە نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکانی وزەی کە زیانیان بەرکەوتووە.
زێلێنسكی هەروەها باسی لەوە کرد کە لە رۆژانی داهاتوودا ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی مووشەکیی رووسیا هەیە بۆسەر وڵاتەکەی و گوتی: ''سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئامادە دەکرێن، دەوڵەت لە ئامادەباشیدایە و پێویستە هەمووان ئامادەبن، تکایە ئاگاداری زەنگی ئاگادارکردنەوەکان بن''.