واشنتۆن
وەزیری بەرگری ئەمریكا جاك ھیگل لە لێدوانێكدا ئاماژەی بە ئامادەیی سوپای وڵاتەكەی بۆ بەڕێوەبردنی هەر چەشنە ئۆپەڕاسیۆنێك لەدژی چەكدارنی رێكخراوی تیرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام كرد.
دوای ئاشكراكردنی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوە لەدژی رێكخراوی داعش لە لایەن ئۆباما، لە بەیاننامەیەكدا كە لە لایەن ھیگل بڵاو كرایەوە تیایدا ھاتووە، "ئۆباما بۆ بێ ھێزكردن و نەھێشتنی رێكخراوی داعش نەخشەڕییەكی بە ھێزی خستەڕوو. لەو بوارەدا سوپای ئەمریكا، ئامادەیە بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەركەی لە ئەستۆیدایە بۆ بەرەنگاربوونەوی لە دژی تیرۆریستان."
ھیگل نوسیویەتی: " سوپا بۆ سەركەوتن لەم ئەركەدا چاوەڕوانی فەرمانە. وەك ئەوەی سەرۆك خستیەڕوو ھێزی سەربازیی ئەمریكا، بە تەنیا ناتوانێ ھەڕەشەی داعش كە بۆ سەر ئەمریكا و ھاوپەیمانان و وڵاتی دۆستمان دروستی كردووە لە ناوی ببا. بەرەوپێشوەچوونی حكومەتێكی بەرفراوان لە عێراق لە رووی سیاسی و لەو چوارچێوەیەشدا رێكخستنی ھاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و بەكارھێنانی سەرجەم ھێزی دیپلۆماسی، ئابوری، ئاسایش، سەربازی، ھەواڵگری، ھاوكاری مرۆیی و سەرجەم ھێزی ئامێرەكانیان كاریگەرییەكی بەرچاوی دەبێ."
گوتەبێژی راگەیاندنی پێنتاگۆن جۆن كێربی لە بەیاننامەیەكدا، باسی لە ناردنی ٤٧٥ كارمەندی ئەمریكی لە لایەن ئۆباماوە بۆ ھاوكاریكردنی ھێزەكانی عێراق لە رووی ھەواڵگری، پەرەوەردە و راوێژكاری كرد و لەگەڵ ئەو ژمارەیە كۆی گشتی كارمەندی سەربازی ئەمریكا لە عێراق دەگاتە ٦٠٠.
لە لایەكی دیكەوە بەرپرسێكی باڵای پێنتاگۆن رایگەیاند: "ئەمریكا ھێرش دەكاتە سەر رێكخراوی داعش لە ھەرشوێنێك بن. سوپای ئەمریكا ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكانی لە دژی رێكخراوی داعش لە سوریا."
بەرپرسەكە سەبارەت بە وادەی دەستپێكردنی بڕیاری ئەو چالاكییانە گوتی: " لەوادەیەكی گونجاودا ئەو بڕیارە دەدرێ."