Hemn Osman
16 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2015
لە شەڕوپێكدادانی نێوان سەربازانی سوپای ئیسرائیل و گەنجانی فەڵەستین، كە بەهۆی هەڵكوتانە سەر كەمپی پەنابەرانی قەلەندیە لە باكووری قودس لەلایەن سەربازانی سوپای ئیسرائیلەوە سەری هەڵدا، دوو گەنجی فەڵەستینی كوژران.
لە راگەیەنراوێكدا كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینەوە بڵاوكراوەتەوە هاتووە "سەربازانی سوپای ئیسرائیل هەڵیانكوتاوەتە سەر كەمپی پەنابەرانی قەلەندیە و پشكنینان ئەنجام داوە، لەو كاتەشدا تەقەیان لە دوو گەنجی فەڵەستینی كردووە و كوشتویانن".
لە راگەیەنراوەكەدا هەروەها هاتووە، "بەهۆی كوشتنی ئەو دوو گەنجەوە، شەڕوپێكدادان لەنێوان سەربازانی سوپای ئیسرائیل و گەنجانی فەڵەستینیدا سەری هەڵداوە، بەو هۆیەشەوە چوار كەس بریندار بوون".