Barış Gündoğan,Ferdi Türkten
21 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2022
نیویۆرک – AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشوازی لە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (FIFA)، جیانی ئینڤانتینۆ کرد.
سەرکۆمار ئەردۆغان کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی خولی ٧٧ەمین کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە، بەردەوامە لە دیدار و کۆبوونەوەکانی لە ماڵی تورک.
لەو میانەیەدا سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشوازی لە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، جیانی ئینڤانتینۆ کرد.
ئینڤانتینۆ تۆپی فەرمیی جامی جیهانیی فیفا ٢٠٢٢ کە لە قەتەر ئەنجام دەدرێت و ناوی سەرکۆماری ئەردۆغانی لێ نووسراوە، پێشکەش بە ئەردۆغان کرد.
ئینڤانتینۆ ئاماژەی بەوە دا کە لەو تۆپە تەنها یەک دانە بەرهەم هێندراوە. ئەردۆغانیش لە کاتی وەرگرتنی تۆپەکەدا گوتی: "واتا هیی دیکە نییە. لەسەری نووسراوە رەجەب تەیب ئەردۆغان" و رووی نووسینەکەی بۆ کامێراکان سووڕاند.
سەرکۆمار ئەردۆغان کە کەللەی لە تۆپەکەدا دا لە وەڵامی پرسیاری ئینڤانتینۆدا راگەیاند کە لە کاتی جامی جیهانیدا دەچن بۆ قەتەر. دوای ئەوەی ئینڤانتینۆ پرسی "لەوێ یاریش دەکەن"، ئەردۆغان گوتی: "جا چۆن یاری دەکەین، تۆ یاری دەکەی؟ تۆ یاری بکەی منیش دەیکەم. با بە پێی ئەمە خۆمان ئامادە بکەین".
دوای ئەوەی ئینڤانتینۆ گوتی: "بە دڵنيایییەوە لە هەمان تیپین"، ئەردۆغان گوتی: "تەمیم (میری قەتەر، شێخ تەمیم محەمەد بن حەمەد ئالسانی) یاری دەکات؟"، کاتێکیش ئینڤانتینۆ بە گوتنی: "ئەو یاریی تێنس دەکات، بەڵام ئەوە کێشە نییە" وەڵامی دایەوە، بوو بە پێکەنین.
- ئەردۆغان و لاپید باسی یاریی تۆپی پێیان کرد
لە کاتێکدا کۆبوونەوەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، جیانی ئینڤانتینۆ تەواو بوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یائیر لاپید هات و ئەردۆغان هەردوولای بەیەکتر ناساند.
لەو کاتەدا کە باس لە یاری تۆپی پێ دەکرا، لاپید لە ئەردۆغانی پرسی کە هاندەری کام یانەی تورکیایە، ئەردۆغان گوتی: "نمرە یەک هەڵبژاردەی نیشتمانییە".
کاتێک لاپید گوتی: "ئیسرائیل بیرەوەری ناخۆشی لەگەڵ فەنەرباخچە هەیە، چونکە بەردەوام پێی دەدۆڕاین"، وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی یاریزانی تۆپی پێی ئیسرائیلی، هایم رەڤیڤۆ کە ماوەیەک لە یانەی فەنەرباخچە یاری دەکرد، گوتی: "رەڤیڤۆ یاریزانێکی زۆر باش بوو".