Lejla Biogradlija,Eren Beksaç
27 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2022
بێلگراد - AA
سەرکۆماری سربیا، ئەلێکساندەر ڤوچیچ فەرمانی بە سوپا و پۆلیسی وڵاتەکەی داوە لە ئامادەباشیدابن.
وەزیری بەرگریی سربیا، میلۆش ڤوچەڤیج رایگەیاند کە ڤوچیچ فەرمانی بەرزترین حاڵەتی ئامادەباشی بە هێزەکانی سوپا داوە، ئەوەیش بەواتای پێکدادانی چەکداریی دێت لە حاڵەتی پێویستدا.
میلۆش ڤوچەڤیج باسی لەوە کرد کە هیچ بوارێک بۆ ترس و دڵەڕاوکێ نییە و گوتی: ''بەڵام نیگەرانی هەیە، لەوانەیە تەنیا سربیا لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکان بێت بە رێککەوتنی سیاسیی، لایەنی بەرامبەر (کۆسۆڤۆ) بەردەوام لەخۆیەوە جووڵە دەکات''.
هەروەها وەزیری ناوخۆی سربیا، براتیسلاڤ گاسیچ باسی لەوە کرد کە سەرکۆماری وڵاتەکەی فەرمانی بە هێزەکانی پۆلیسیش کردووە لە حاڵەتی ئامادەباشییدابن و ئامانج لەوەیش پاراستنی سربییەکانی کۆسۆڤۆیە.
هاووڵاتییە سربەکانی کۆسۆڤۆ وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر دەستگیرکردنی کارمەندی پێشووی پۆلیس، دێجان پانتیک لە ١٠ی کانوونی یەکەمەوە تا ئێستا لە باکووری وڵاتەکە بەربەستیان داناوە، رووداوەکانی ئەم دواییە سەرلەنوێ گرژیی نێوان کۆسۆڤۆ و سربیایان زیاد کردووە.
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەرکانی سربیا رەوانەی ناوچەکانی سنوور کرا، شەوی رابردوو هێرشی چەکداریی لە باکووری کۆسۆڤۆ روویدا، بەو هۆیەشەوە هەردوو وڵات رووبەڕووی یەک بوونەوە، هاوکات هێزی ئاشتیی پارێزی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ بڵاوی کردەوە کە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەکەن.
سربەکانی کۆسۆڤۆ کە کاردانەوە نیشان دەدەن دژبە دەستگیرکردنی دێجان پانتیک لە ١٠ی کانوونی یەکەمەوە تا ئێستا، واتە ١٧ رۆژە بەربەستیان لە سنووری بێرنجاک داناوە و ئێشکدەگرن.
ئەمریکا، ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان و لابردنی بەربەستەکان دەکەن.
لەم نێوەندەدا، تەلەڤیزیۆنی ناوخۆ لە باکووری کۆسۆڤۆ بڵاوی کردەوە کە کەسانی دەمامکدار هێرشەکەیان ئەنجامداوە.