Zana Natık Kerem
25 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2020
هەولێر ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە عەممان پایتەختی ئوردن.
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بە ئامانجی بەشداریكردن لە لووتكەی سێقۆڵیی نێوان عێراق، ئوردن و میسر گەیشتووەتە عەممان.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە مستەفا كازمی بە گەیشتنی بۆ عەممان لەلایەن شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم-ەوە پێشوازی لێ كراوە.
ئەمڕۆ سیشەممە بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی و شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم و سەركۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی لووتكەی سێقۆڵیی نێوان هەر سێ وڵات لە شاری عەممان پایتەختی ئوردن دەبەسترێت.
لە لووتكە سێقۆڵییەكەی نێوان عێراق، ئوردن و میسر سەبارەت بە دۆسیەكانی هاوكاری ئابووری و هاوبەشی نێوان هەر سێ وڵات گفتوگۆ دەكرێت، هەروەها پتەوتركردنی كاری وەبەرهێنان و بازرگانی لەنێوان عێراق، ئوردن و میسر تاوتوێ دەكرێت.
هەروەها لە میانی لووتكەكەدا، ئەو دۆسیە هەرێمییانە دەخرێنە بەرباس كە دەبنە هۆی پتەوتركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكە.
لووتكەی سێقوڵیی نێوان ئەو عێراق، ئوردن و میسر بۆ یەكەمجار لە ئاداری 2019دا لە قاهیرەی پایتەختی میسر سازكرابوو كە لە میانیدا نێوان عێراق، ئوردن و میسر رێككەوتن لەسەر ئەوەی كە هاوكاری ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنانی نێوان پتەوتر بكەن.