Zana Natık Kerem
04 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2017
كەركووك ــ AA
دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ تاوتوێكردنی پرسی ئەنجامدانی راپرسی لە بارەی چارەنووسی پارێزگاكە دەستی پێكرد.
دانیشتنەكە، بەسەرۆكایەتی رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەوەكالەت و بەئامادەبوونی ئەندامانی كوتلەی برایەتی دەستی پێكرد.
كوتلەكانی عەرەبی و توركمانی بایكۆتی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیان كردووە كە بەهۆی ئەوەی تیایدا پرسی ئەنجامدانی راپرسی لەبارەی چارەنووسی پارێزگاكە تاتوێ دەكرێت.
لە دەستپێكی دانیشتنەكەدا، رێبوار تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا كە ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنەكە بەئەنقەسەت لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا ئامادە نەبوون و گوتیشی: "ئەندامانی هەردوو كوتلەی عەرەبی و توركمانی بایكۆتی دانیشتنەكەیان كردووە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك گوتیشی: "پێویستە ئەندامێتی ئەو ئەندامانە هەڵپسپێردرێت كە بێ پاساو ئامادەی دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا نابن".
رێبوار تاڵەبانی گوتیشی: "سیاسەتی نەوت و گەڕانەوەی كەركووك بۆسەر هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بڕیاریان لەسەر دەدات".
لە دانیشتنەكەدا، بەزۆرینەی دەنگ، بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی داگرتنی ئاڵای كوردستان لەسەر باڵەخانەكانی حكوومی لە كەركووك رەتكرایەوە.