جيهان

"له‌سه‌دا ٣٥ی ده‌نگده‌رانی هه‌رێم كارتی بایۆمه‌ترییان وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه‌"

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تا ئێستا لەسەدا ٦٥ی دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەتریی پێویست بۆ دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.

Hemn Baban  | 22.04.2018 - نوێکردنەوە : 24.04.2018
"له‌سه‌دا ٣٥ی ده‌نگده‌رانی هه‌رێم كارتی بایۆمه‌ترییان وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه‌"

Arbil

ھەولێر- AA

ھەر کارتێکی بایۆمەتری یەک دەنگی پێدەدرێت و رێککارەکانی کۆمیسیۆن بۆ رێگەگرتن لە ساختەکاری توندتربووە پشتبەستن بە تەکنەلۆجیای نوێ.

بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، عەلی قادر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ئەمڕۆ یەکشەممە، تیشکی خستە سەر چەند بابەتێکی پەیوەست بە ھەڵبژاردنەکانی عێراق کە بڕیارە لە ١٢ ئایاری داھاتوو ئەنجامبدرێت و لەوبارەیەوە سەبارەت بە رێژەی وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری کە پێویستە بۆ دەنگدان رایگەیاند "سەبارەت بە رێژەی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری لە ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان (ھەولێر، سلێمانی، دھۆک) ئەوا رێژەکە گەیشتووتە ٦٥,٢٥ لەسەد و ئاستی وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری لە لایەن خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە: لە پارێزگای ھەولێر رێژەی ٦٤,٤٦ لەسەد و لە سلێمانی رێژەی ٦٧,٧٢ لەسەد و لە دھۆک ٦٣,٥٧ لەسەدی دەنگدەران کارتی بایۆمەتری خۆیان وەرگرتووەتەوە، ئەم رێژەیە بەگشتی رێژەی باشن و ھیوادارن لەم کاتەی ماوە پێش ھەڵبژاردن دوا کارتی دەنگدان بدەینەوە دەستی دەنگدەران".

ھەروەھا گوتیشی: "ئەو ھاووڵاتییانەی بە جموجوڵی دانیشتوان سیستەمی دەنگدانیان بۆ رێکخراوە پێویستە لە پارێزگاکانی خۆیان کارتی دەنگدان وەربگرنەوە و دەتوانن لێرەوە لە پارێزگاکانی ھەرێمەوە دەنگ بۆ پارێزگاکانی خۆیان بدەن".

ئەو لەدرێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە ئەگەری روودانی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی: "رێککارەکانی ئەمجارە زۆر سەختە بەرامبەر بە ساختەکاری، ھیچ حزبێک ناتوانێت رێژەیەکی تەزویر یان ھەر تەزویر بەگشتی ئەنجامبدات و ھەر سندوقێک تەزویری تیادا بکرێت بە سیستەمی ئەلیکترۆنی پووچەڵ دەکرێتەوە".

سەبارەت بە دەنگدانی تایبەتیش گوتی: "ھاووڵاتی دەنگدەری تایبەت پێویستە تۆماری بایۆمەتری ئەنجام دابێت و ئەو کاتە بە دەنگدەری تایبەت ھەژمار دەکرێت، کارتەکانی دەنگدەری تایبەتی ساڵی ٢٠١٤ بەھیچ شێوەیەک کاری پێناکرێت و ھیچ بایەخێکی نەماوە، چونکە پووچەڵ کراوەتەوە و دەنگی پێ نادرێت".

ھەروەھا لەدرێژەی قسەکانیدا عەلی قادر بۆ دەزگاکانی راگەیاندن کە ئاژانسی ئانادۆڵوش دەیگواستنەوە گوتی: "کارمەندانی کۆمیسیۆن بەھیچ شێوەیەک گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت، ئەو سیستەمی قورعەیەی بۆ ئێمە دانراوە ئێمە بەشێوەی کاغەز بەسەر بنکەکانمان دابەش کردووە و ھەڵواسراون و ھاووڵاتییان خۆیان دەتوانن موراجەعەی ناوەکانییان بکەن، ئەو کاغەزەی مۆری ئێمەی پێوەیە ئەوە نووسراوی فەرمیین و ئەو کاغەزانەی لە شوێنی تر بڵاودەکرێنەوە بە نموونە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ھی ئێمە نیین و گوزارشت بە ئێمە ناکەن و بایەخی نییە، بە چەند قۆناغێکیش راھێنان بەو بەڕێزانە دەکەین کە ناویان وەکو کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان دەرچووە".

بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، عەلی قادر لە میانی بەشداریی لە سیمینارێکی تایبەتی رێکخراوی ئاشتی و ئازادی، ئەمڕۆ یەکشەممە، تیشکی خستە سەر پڕۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و باسی لەوەکرد کە ئەم ھەڵبژاردنە جیاوازە لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوو بەتایبەت لە رووی تەکنیک و تەکنۆلۆجیاوە و رێگریی زۆری تیاداکراوە بۆ بەرگرتن لە ئەنجامدانی ساختەکاری.

گوتیشی: "ھەڵبژاردنەکە بەگشتی قورسە وەکو ئەرکی سەرشانمان و وەکو ئەو ئامێر و تەکنەلۆجیایەی تیایدا بەکاردەھێنرێت، ھەروەھا راھێنانی کارمەندن لەسەر ئەو تەکنەلۆجیایە، ھەموو ئەمانەش بۆ ئەوەیە خەڵک متمانەی تەواوی بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و پڕۆسەی ھەڵبژاردن و خاوێنییەکەی ھەبێت".

ھەروەھا گوتیشی: "لەھەمان کاتدا رێککارەکانیشمان بۆ دەنگدەران ئاسان نیین، واتە دەنگدان پێویستی بە رێککاری زیاترە و دەنگدەر دەبێت رێنماییەکان بۆ دەنگدان جێبەجێ بکات تا بەدەنگدەر ھەژمار بکرێت لەوانە دەبێت بایۆمەتری بکات و کردبێتی و کارتی پێ بێت، ھەروەھا چەندین رێککاری تر ھەیە بۆ دەنگدانی لە پێناو بەرگرتن لە ساختەکاری".

ئەو باسی لە وردەکاریی چۆنیەتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی گشتی کرد و گوتی: "کارتی دەنگدانی پێشوو سەرتاپا پووچەڵ کراونەتەوە و دەنگییان پێ نادرێت، ئەوەشی بایۆمەتری نەکردبێت ناتوانێت دەنگ بدات، هەروەها گوتی: "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بنکەی دەنگدانی لە ١٦ وڵات کردووەتەوە کە دەتوانرێت ھەر رۆژی دەنگدان دەنگ بدرێت و تۆماریش بکرێن".

سەبارەت بە ئاوارەکان و ئەوانەی بە "جموجۆڵی دانیشتوان" ھاتوچۆیان کردووە بەرپرسەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان زیاتر روونکردنەوەی دا و گوتی: "دانیشتوانی کەمپەکان بە سیستەمی مەرجدار دەنگ دەدەن بەمەرجێک بەڵگەی تەواویان ھەبێت لەگەڵ فۆرمی خۆراک، ئەوانەشی لە پارێزگاکانی کەرکووک، ئەنبار، سەڵاحەددین و نەینەوا ئاوارە بوون دەتوانن کارتی دەنگدانی پێشوویان ھەبێت لەکاتی دەنگدان بیبەن و دەنگ بۆ پارێزگاکانی خۆیان بدەن".

عەلی قادر لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە ھەرێمی کوردستاندا، ٤٩٨ بنکەی دەنگدان کە دوو ھەزارو ٥٦٤ وێستگەیە دەبێت، ئەوانەشی دەنگ دەدەن لە پارێزگای ھەولێر بریتیین لە یەک ملیۆن و ١٢٣ ھەزار و ٢١٩ کەس".

ھەروەھا گوتیشی: "لە پارێزگای ھەولێر بۆ بەندکراون ٣ بنکە کە ٦ وێستگەیە دەنگیان تێدەدرێت بۆ نزیکەی دوو ھەزارو ٢٥٠ بەندکراو، ھەرچی زیندانییان ئەوا ٣ وێستگە و ٣ بنکەیان بۆ دیاریکراوە کە ٥٥٠ کەس دەبن".

ھەروەھا بۆ ئاوارەکانیش ٢٢ بنکە کراوەتەوە کە ١١٦ وێستگەی دەنگدان لەخۆ دەگرێت، باسی لەوەشکرد کە کاتژمێر شەشی ئێوارە سەرجەم سندوقەکانی دەنگدان لەسەر ئاستی عێراق دادەخرێن و ھیچ درێژکردنەوەیەکی وادەی ھەڵبژاردنەکان نییە و گوتی: "لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا ئەنجامی بەرایی دەنگدان دەخرێنە روو".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن