Mahmut Geldi
15 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2020
بەیروت- AA
سەرکۆماری لوبنان، میشێل عەون کۆبوونەوەکانی سبەی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست کە بڕیاربوو تیایدا لە بارەی قۆناغی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت گفتوگۆ بکرێت.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی لوبنان "NNA" بڵاویکردەوە کە سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، بڕیاربوو سبەی میشێل عەون لە کۆبوونەوەیەکدا ناوی ئەو کەسە ئاشکرا بکات کە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت رایدەسپێرێت، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.
باس لەوەش کراوە کە سەرکۆماری لوبنان لەسەر داوای ژمارەیەک حزب ئەو بڕیارەی داوە و کۆبوونەوەکەی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بۆ ٢٢ی تشرینی یەکەم دواخستووە.
حکوومەتی لوبنان لە ٢١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بە پشتیوانی حزبوڵڵا و پارتە هاوپەیمانەکانی دامەزرابوو، بەڵام دوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت لەژێر فشاری ناڕەزایی خەڵکدا ناچاربوو لە ١٠ی ئابدا دەستلەکار بکێشێتەوە.
دوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت، سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی لوبنان-ی کرد و پێشنیازی ئەنجامدانی چەند چاکسازییەکی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان کرد، ئەوەشی خستەڕوو کە لە دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، فەڕەنسا بۆ پشتگیریکردنی لوبنان کۆنفرانسێک لە پاریس رێکدەخات.
بەڵام ئەم پێشنیازە لەلایەن مستەفا ئەدیب-ەوە رەتکرایەوە کە لە ٣١ی ئابدا ئەرکی پێکهێنانی حکوومەتی پێسپێردرابوو.
دواتریش ئەدیب لە ٢٦ی ئەیلوولدا سەردانی کۆشکی کۆماری کرد و رایگەیاند "لە کاتێکدا ئەرکی پێکهێنانی حکوومەتم پێسپێردرا، یەکدەنگییەک هەبوو، بەڵام لەئێستادا ئەو یەکدەنگییە نییە" و وازهێنانی لە ئەرکەکە راگەیاند.
ئەمە لە کاتێکدایە لوبنان زیاتر لە ٩٠ ملیار دۆلار قەرزی نێودەوڵەتی لەسەرە و لە ساڵانی ١٩٧٥- ١٩٩٠وە کە شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە روویدا، تا ئێستا گەورەترین قەیرانی ئابووری بەرۆکی گرتووە.