Emrullah Cesur
11 تشرینی دووەم 2026•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2026
بە میوانداری سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ٣١هەمین کۆنفرانسی لایەنەکانی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی ئاووهەوا ناسراو بە (COP31) کە لە ئەنتاڵیا بەڕێوەدەچێت، لووتکەی سەرکردەکان ساز دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی ژینگە، شارسازی و گۆڕانی ئاووهەوای تورکیا، ئەو لووتکەیەی لە ڕۆژانی ٩-٢٠ی تشرینی دووەم لە گۆڕەپانی COP31 لە ئەنتاڵیا سازکراوە، ١٩٦ وڵاتی ئەندام لە ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی ئاووهەوا و یەکێتیی ئەورووپا کۆدەکاتەوە.
لووتکەی سەرکردەکانی COP31 کە گرنگترین چالاکیی کۆنفرانسەکەیە، ئەمڕۆ بە میوانداری سەرکۆمار ئەردۆغان لە "ئانادۆڵو" کە گەورەترین هۆڵی کۆبوونەوەی گشتییە لە ناوچەی شینی گۆڕەپانی COP31 لە ئەنتاڵیا ساز دەکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت لە شەش کیشوەرەوە ٩٥ وڵات و ١٠٢ سەرکردە بەشداری لە لووتکەکەدا بکەن.
لە بەرنامەکەدا لەگەڵ سەرکۆمار ئەردۆغان و وەزیری ژینگە، شارسازی و گۆڕانی ئاووهەوای تورکیا و سەرۆکی COP31، موراد کوروم؛ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس و سەرۆکوەزیرانی ئەسیۆپیا، ئابی ئەحمەد عەلی و سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، ئەنتۆنی ئەلبانیز و سەرۆکی بەڕازیل، لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا گوتار پێشکەش دەکەن.
سەرکۆمار ئەردۆغان لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا دیدگای تورکیا بۆ پرسی ئاووهەوا دەخاتە ڕوو.
لە بەرنامەکەدا ئەو ڤیدیۆ و کلیپە تایبەتانە نمایش دەکرێن کە تورکیا بۆ COP31 ئامادەی کردوون. هەروەها گرووپی ئاگری ئانادۆڵو نمایشێک پێشکەش دەکات کە هەڵپەڕکێی میللی حەوت هەرێمە جوگرافییەکەی تورکیا لە یەک تابلۆدا کۆدەکاتەوە.
نمایشەکە کە ئامانجێتی هەمەچەشنی کلتووری ئانادۆڵو بە پەیامی "فراوانی لە ناو یەکڕیزیدا" بە سەرکردەکانی جیهان بناسێنێت، بە هەڵپەڕکێی ناوچەی تەکەی هەرێمی دەریای ناوەڕاست کە ئەنتاڵیای میوانداری تێدایە دەست پێدەکات و، بە کۆبوونەوەی گشت هەرێمەکان لە هەڵپەڕکێیەکی بەکۆمەڵدا کۆتایی دێت.
لە ڕێوڕەسمی ئەو نمایشەی کە گوزارشت لە تەوەری یەکەم ڕۆژی لووتکەی سەرکردەکان واتە "پاشماوەی صفر" دەکات، گۆرانی فەڕمی COP31 بە ناوی "Let's Cop" پێشکەش دەکرێت.
لە نێو ئەو وڵاتانەی چاوەڕوان دەکرێت لەسەر ئاستی سەرکردە بەشداری لە لووتکەکەدا بکەن بریتین لە: نەمسا، بەریتانیا، کۆماری تورکی قوبرسی باکوور، بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا، بولگاریا، فینلەندا، ئیدارەی ڕۆمی قوبرسی باشوور، هۆڵەندا، ئیسپانیا، سوید، ئیتاڵیا، مۆنتینیگرۆ، مەقدۆنیای باکوور، لیختنشتاین، ماڵتا، مۆڵدۆڤا، نەرویج، فیدراسیۆنی ڕووسیا، سلۆڤینیا، ئۆکراینا، بۆتسوانا، بوروندی، جەزائیر، ئێسواتینی، ئەسیۆپیا، کەناری عاج، گابۆن، گینێ بیساو، دوورگەکانی قەمەر، کۆنگۆ، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، لیسۆتۆ، لیبیا، ماداگاسکار، مالی، مۆریتانیا، مۆزەمبیق، ڕواندا، سیشێل، سۆماڵ، سوودان، تانزانیا، تۆگۆ، زیمبابوی، ئازەربایجان، بەنگلادیش، ئیمارات، چین، ئیندۆنێزیا، ئەرمەنستان، فەڵەستین، کۆریای باشوور، جۆرجیا، عێراق، هەرێمی کوردستانی عێراق، ئێران، قەتەر، کازاخستان، قرغیزستان، کوێت، لوبنان، ماڵدیڤ، مالیزیا، ئۆزبەکستان، پاکستان، سووریا، سعوودیە، تاجیکستان، تورکمانستان، بۆلیڤیا، بەڕازیل، گویانا، ڤێنزوێلا، ئانتیگوا و باربودا، بەهاما، باربادۆس، سەینت کیتس و نێڤیس، سەینت لوسیا، ئوسترالیا، کیریباتی، دوورگەکانی مارشاڵ، مایکرۆنیزیا، نیووە، پالاو، دوورگەکانی سۆلۆمۆن، تۆنگا و توڤالو.