Abdullah Shukur
21 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2018
بەرلین - AA
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ رایگەیاند، پێشتر وڵاتەکەی پرسی فرۆشتنی چەکی بە سعوودیە سنووردار کردووە و لە ژێر ئەم ھەلومەرجانەدا، چەک بۆ سعوودیە نانێرن.
مێرکڵ لە دوای کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی ویلایەتی ھیسەن، ڤۆلکەر بوفیار لە چوارچێوەی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردنی ئەو ویلایەتە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و تیایدا بە توندترین شێوە ئیدانەی کوشتنی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی کرد.
مێرکڵ رایگەیاند کە پێویستە بەپەلە راستی رووداوەکە ئاشکرا بکرێت و راشیگەیاند، تاکو ئێستا ھیچ شتێک باس نەکراوە و بەرپرسیارانی رووداوەکەش بە سزای خۆیان نەگەیەنراون.
ئەنگێلا مێرکڵ راشیگەیاند، پێشتر وڵاتەکەی پرسی فرۆشتنی چەکی بە سعوودیە سنووردار کردووە و لە ژێر ئەم ھەلومەرجانەدا، چەک بۆ سعوودیە نانێرن.
راوێژکاری ئەڵمانیا جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەکانیان بەردەوامە لەبارەی نیشاندانی کاردانەوەیەکی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر رووداوەکە.
دوێنێ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ھایکۆ ناس لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ARDی ئەڵمانی رایگەیاندبوو کە "تا نەزانین چی روویداوە، زەمینەیەکی لەبار فەراھەم نابێت بۆ بڕیاردانێکی ئەرێنی لەبارەی ناردنی چەک بۆ سعوودیە".
لەوەتەی سەرەتای ئەمساڵە، لە دوای جەزائیر زۆرترین ھەناردەی چەکی ئەڵمانیا بۆ سعوودیە بووە.