Abdullah Shukur
26 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2019
مۆسکۆ - AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند کە رێککەوتنی ئادانا کە لە ساڵی ١٩٩٨ واژوو کراوە، تا ئێستاش پەیڕەو دەکرێت و گوتیشی: "پوختەی ئەو رێککەوتنە، ھەڵگرتنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا بوو. ئیدارەی سووریا بە لە ئەستۆگرتنی چەند بەرپرسیارێتییەکی دیاریکراو ئەم رێککەوتنەی واژوو کردووە".
لاڤرۆڤ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەگەڵ ھاوتا مەغریبییەکەی، ناسر بوریتە لە شاری رەبات وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەندیدار بە رێککەوتنی ئادانا و کۆبوونەوەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە مۆسکۆ دایەوە.
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە رووسیا و تورکیا کار دەکەن بۆدەستەبەرکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا و ئەردۆغان و پوتینیش لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر ئەم پرسە ھاوڕابوون.
لاڤرۆڤ گوتی: "ھاوبەشانی تورک دووبارە ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە کە ھەموومان بە بێ مەرج دەمانەوێت یەکپارچەیی خاکی سووریا دەستەبەر بکەین".
لاڤرۆڤ جەختیشی لەوە کردەوە کە پێکهێنانی ناوچەیەکی ئارام لە باکووری سووریا، نابێتە بابەتی رێککەوتن لە نێوان رووسیا و تورکیا. لەمیارەیەوە گوتیشی: "لەبارەی دامەزراندنی ناوچەی ئارام یان ناوچەی جیاکراوە، ئەمە نابێتە پرسی رێککەوتن لە نێوان تورکیا و رووسیا. ئەمە بە بەشداری حکوومەتی سووریا پێویستە دانوستانی لەسەر بکرێت. چونکە پێویستە گشت ناوچەکان بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی سووریاوە. ئەمە بۆ ھەموو کەسێک روون و ئاشکرایە".
لاڤرۆڤ ئەوەیشی وەبیرھێنایەوە کە رێککەوتنی ئادانا لە ساڵی ١٩٩٨ لە نێوان سووریا و تورکیا واژوو کراوە و گوتیشی: ""پوختەی ئەو رێککەوتنە، ھەڵگرتنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا بوو. ئیدارەی سووریا بە لە ئەستۆگرتنی چەند بەرپرسیارێتییەکی دیاریکراو ئەم رێککەوتنەی واژوو کردووە. گریمانەی ئەوە دەکەین کە ئەم رێککەوتنە کاری پێدەکرێت. ئەوەی بزانم، وڵاتانی بەشداربووش لەو رێککەوتنە ئەمە قبوڵ دەکەن".