Rewa Mahmut Hasan,Mohammed Baqi Hussein
10 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2016
وەزیری دەرەوەی سعوودیە عادل جوبەیر رایگەیاند كە ئەگەر بێتو ئێران سیاسەتە مەزهەبیەكانی خۆی بگۆڕێت، ئەوا ریاز ئامادەیە لاپەڕەیەكی نوێی لەگەڵ تاران بكاتەوە.
جوبەیر لەدوای كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو كە لە ریاز سازكرابوو، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رێكخست و رایگەیاند كە سەرۆكی سووریا بەشار ئەسەد بەرپرسە لە كوشتنی ٤٠٠ هەزار كەس و ئاوارە بوونی ١٢ ملیۆن كەس. ئاماژەی بەوەش دا كە ئەسەد لە قۆناغی داهاتووی سووریادا جێگەی نابێتەوە، یان دەبێت بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی یان پرۆسەی سیاسیی بڕوات.
جوبەیر گوتی: "ئەسەد یان بە رێگەی سیاسیی دوور دەكەوێتەوە كە ئەم رێگەیە خێراترە و خوێنی زیاتر ناڕژێ و رێگر دەبێت لە داڕمانی زیاتر، یان لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە دوور دەكەوێتەوە، بەڵام هیچ گومان نییە لەوەی كە ئەسەد دەبێت بڕوات. ئەم كەسە وەك بەڕێوەبەری سووریا نامێنێتەوە، رۆیشتنەكەی تەنیا پەیوەستە بەكاتەوە، سعوودیە گەلی سووریا بەجێ ناهێڵێت".
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا جوبەیر ئاماژەی بەوەدا كە رژێمی ئەسەد یارمەتی لە ئێران خواستووە، ملیشیای شیعی حزبوڵڵاش و چەكدارانی ئێران یارمەتیان دا، بەڵام سەركەتوو نەبوو. داوای یارمەتی لە وڵاتێكی دیكە كرد لەویشدا سەركەوتوو نەبوو. دواتر رووسیا دەستی وەردا، نەیانتوانی بەشار ئەسەد رزگار بكەن، هیوادارین ئەسەد بە پرۆسەی سیاسیی بڕوات. ئامانجمان لەمە پشگیری كردنی دۆستەكانمانە لەسووریا.
- گرژی لە پەیوەندییەكانی ئێران و سعوودیەدا
جوبەیر ئاماژەی بەوەدا كە پەیوەندییەكانی ئێران و سعوودیە بەهۆی دەستێوەردانی تاران لە كاروباری سعوودیە و وڵاتانی ناوچەكەوە گرژیی تێكەوتووە و بەمشێوەیە درێژەی بەو قەسەكانی دا: "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئێران، بەهۆی سیاسەتە مەزهەبگەراییەوە تێكچووە. ئێران بەو سیاسەتەی، پشتگیری و یارمەتیی پێشكەشی تیرۆر و گرووپەكانی ناوچەكە كردووە. ئەگەر ئێران ئەو سیاسەتە بگۆڕێت، هیچ رێگرێك نییە لەبەردەم هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكانماندا. دەتوانین پەیوەندییەكی باشتری هاوسێیەتی بنیات بنێین كە دەستوەرنەدەینە كاروباری یەكتر".
- چارەسەری سیاسیی بۆ یەمەن
جوبەیر رایگەیاند كە پشتگیریی چارەسەری سیاسیی یەمەن دەكەن و گوتی: "لەبارەی قەیرانی یەمەنەوە، پابەندین بە چارەسەری سیاسیی بەپێی هەوڵەكانی وڵاتانی كەنداو و بڕیاری ژمارە 2216ی نەتەوە یەكگرتووەكان".
جوبەیر رایگەیاند پشتگیریی كارەكانی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یەمەن ئیسماعیل ولد ئەشێخ ئەحمەد دەكەن و گوتی: "پێویستە چارەسەری سیاسیی بەوشێوەیە بێت و ئەوە تەنها رێگایە یەمەن دەگەیەنێتە رێككەوتن".
- پۆلێنکردنی حزبوڵڵا بە رێكخراوێكی تیرۆریستی
لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی پۆلێنکردنی حزبوڵڵا بە رێكخراوێكی تیرۆریستی لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە جوبەیر رایگەیاند، "ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو ژمارەیەكی زۆر رێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ رێگری كردن لە سوودمەند بوونی حزبوڵڵا".