Muhammed Emin Canik
05 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2022
بۆینس ئایرس - AA
لە چیلی لە بارەی جێبەجێکردنی دەستووری نوێ، گشتپرسی ئەنجامدرا و سەدا ٦١،٩ی بەشداربووانی گشتپرسییەکە بە "نەخێر" دەنگیان بۆ جێبەجێکردنی دەستووری نوێ دا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە چیلی، تا ئێستا سەدا ٩٨،٤٣ی سندوقەکان کراونەتەوە، سەدا ٣٨،١ی دەنگدەران بە "بەڵێ" و سەدا ٦١،٩ی دەنگدەرانیش بە "نەخێر" دەنگیان بە جێبەجێکردنی دەستووری نوێ داوە.
ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە زۆرینەی گەلی چیلی، نایانەوێت دەستووری نوێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەم شێوەیەش دەستووری ئێستای ئەو وڵاتە کە لە سەردەمی دیکتاتۆر، ئاوگوستۆ پینۆچێت داندرابوو و چەندین جار هەموار کرابووەوە، وەک دەستووری وڵات مایەوە.
دەستووری نوێ لە ٣٨٨ بەند پێکهاتبوو کە دیارترینیان بریتیبوون لەوەی کە پێویستە نیوەی کارمەندانی دەوڵەت لە رەگەزی مێ بن، دان بە هەر ١١ نەتەوە جیاوازەکەی ئەو وڵاتەدا بنرێت و چیلی وەک "وڵاتێکی فرەنەتەوە" بناسێنرێت، تەمەنی یاسایی ئەو کەسەی خۆی بۆ پۆستی سەرکۆمار دەپاڵێوێت لە ٣٥ ساڵەوە بۆ ٣٠ ساڵ کەم بکرێتەوە، رێگا بەلەباربردن بدرێت، ئەنجوومەنی پیران لاببرێت و لەجێی پەرلەمانی تایبەت بە هەرێمەکان دابمەزرێت و بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی کەمئاویش، سەرچاوە ئاوییەکان ببنە موڵکی گشتی.
لە گشتپرسی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا، بڕیار لەسەر نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ چیلی درا و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢١دا، شاندی تایبەت بە نووسینەوەی دەستووری نوێ، لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرا.
- "میراتی رژێمی دیکتاتۆری"
لە خۆپیشاندانەکانی دژبە حکوومەتی چیلی کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا دەستیان پێ کرد، چەندین رووداوی تاڵانی و توندوتیژیی روویاندا و ناوی "تەقینەوەی کۆمەڵایەتی" لێنرا، نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ یەکێک لە سەرەکیترین داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بوو.
ئەو دەستوورەی لە سەردەمی ئاوگوستۆ پینۆچێت، دانرابوو لای بەشێک لە گەلی چیلی وەک "میراتی رژێمی دیکتاتۆری" و "سەرچاوەی سەرەکی نایەکسانی" ناودەبرێت.