Kasım İleri,1 23
07 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2020
واشنتۆن – AA
سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای ئه‌مریكا، مارك میللی رایگه‌یاند کە له‌و زانیارییه ههواڵگیرییانهیان كۆڵیووه‌ته‌وه كه فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سوله‌یمانی پلانی داناوه بۆ هێرشكردنه سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌گه‌ر بڕیاری كوشتنی سوله‌یمانی-یان نه‌دابووایه ئه‌وا كه‌مته‌رخه‌م ده‌بوون به‌رامبه‌ر هێزه‌كانیان.
سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای ئه‌مریكا، مارك میللی و وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا، مارك ئێسپه‌ر له ناوه‌ندی راگه‌یاندنی پنتاگۆن كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییان ئه‌نجامدا.
مارك میللی به ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه متمانه‌ی به‌و زانیارییه ههواڵگیرییانه هه‌یه كه له‌سه‌ر قاسم سوله‌یمانی كۆكراونه‌ته‌وه و گوتی: "(سوله‌یمانی) ئێمه‌ی ناچار كرد هه‌نگاو بنێین. به‌په‌له بوو و له رووی پێوه‌ر و مهوداشهوه زۆر روون بوو. به‌ته‌واوی دیار نه‌بوو كێ و چی ده‌كاته ئامانج، به‌ڵام له دژی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه هێزێكی تا راده‌یه‌كی گرنگی بۆ پێكدادان رێك ده‌خست. به‌هۆی میتۆدی سه‌رچاوه و هه‌واڵگرییه‌وه ناچمه ناو ورده‌كاری زیاتر، به‌ڵام ئاگادارم كه‌سانێك ده‌ڵێن هه‌واڵگری وه‌ك پاساوێك بهكاردههێین یان راستی ناڵێین، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بۆ كۆبوونه‌وه داخراوه‌كان و رای گشتی ئه‌وه بڵێم ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی ئه‌م بڕیاره‌یان داوه وایان نه‌كردبووایه ئه‌وا به راده‌یه‌كی به‌رچاو كه‌مته‌رخه‌مییان ئه‌نجام ده‌دا به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا".
وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا، مارک ئێسپه‌ر له به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌مریكا بۆ كردنه ئامانجی شوێنه كولتوورییه‌كانی ئێران رایگه‌یاند "پابه‌ند ده‌بین به یاساكانی پێكدادانه چه‌كدارییه‌كان".
مارک ئێسپه‌ر به جه‌خت كردنه‌وه له‌وه‌ی كه گه‌لی عێراق ده‌یه‌وێت سه‌ربازانی ئه‌مریكا له عێراق بمێننه‌وه و گوتی: "ئه‌گه‌ر سه‌یری ده‌نگدان(ه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ن بۆ ده‌ركردنی سه‌ربازانی ئه‌مریكا له عێراق) ده‌بینن كورد به‌شداری نه‌كرد، شیعه‌كانیش له ده‌نگدانه‌كه‌دا له دۆخێكی ههستیاردابوون و گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ربه ئێران هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كردن. ئه‌مه ره‌وشێكی خراپه كه گه‌لی عێراق له‌سه‌ر خاكی خۆی تووشی بووه".
مارک ئێسپه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئه‌وان پابه‌ند نابن به بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراقه‌وه.