Ramal Mahmood
09 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2017
واشنتۆن – AA
گوتەبێژی کاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارک تۆنەر:
- "لە باکووری سووریا لە مێژە پشتیوانی یەپەگە دەکەین لەناو هێزەکانی سووریای دیموکرات. وەک پێشتریش گوتوومانە ئەوان لە بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی داعش کاریگەری زۆریان هەبووە".
- لە وەڵامی پرسیارێکدا تۆنەر ئاماژەی بەوە دا کە لە دژی بوونی پەکەکەن لە ناوچەی شنگال.
ئەمریکا رایگەیاند بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی باڵی سووریای رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە، یەپەگە لەناو هێزەکانی سووریای دیموکرات.
گوتەبێژی کاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارک تۆنەر لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پشتیوانیکردنی پەیەدە/یەپەگە لە سووریا دوا.
تۆنەر ئاماژەی بەوە دا کە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی یەپەگە لە میانی بەرەنگاربوونەوەی داعش، گوتی: "لە باکووری سووریا لە مێژە پشتیوانی یەپەگە دەکەین لەناو هێزەکانی سووریای دیموکرات. وەک پێشتریش گوتوومانە ئەوان لە بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی داعش کاریگەری زۆریان هەبووە. تاکو ئێستا نزیکەی شەش هەزار کیلۆمەتریان کۆنتڕۆڵ کردووە و لە چواری تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوویشەوە زیاتر لە ١٠٠ گوندیان لە دەست داعش لەمیانی ئۆپەراسیۆنی رەققەدا دەرهێناوە".
تۆنەر تیشکی خستەسەر ئەوەی کە نیگەرانییەکانی تورکیا لەبارەی یەپەگەوە بەهەند وەردەگرن.
تۆنەر ئاماژەی بەوە دا کە تێڕوانینیان بەرامبەر پەکەکە نەگۆڕاوە، گوتی: "رێز لەو تێڕوانینەی تورکیا دەگرین کە پێیوایە پەیوەندی لەنێوان پەکەکە و یەپەگە هەیە. لەو بابەتە دەبێت راشکاو بین، بەلای ئێمە پەکەکە تاکو ئێستا رێکخراوێکی تیرۆریستییە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا تۆنەر ئاماژەی بەوە دا کە لە دژی بوونی پەکەکەن لە ناوچەی شنگال، گوتی: "ئەمریکا لەمبارەیەوە جەخت لەسەر هەمان شت دەکاتەوە. پێمانوایە پێویست ناکات لەوێ بن".