Ömer Faruk Yıldız
07 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2022
جنێڤ-AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند، ئۆکراینا پێویستی بە ھاوکاری سەربازیی خێرا ھەیە.
یەنس ستۆڵتنبێرگ پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کە تاکو سبەی پێنجشەممە لە برۆکسل بەردەوام دەبێت، لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان دا و ھەڵسەنگاندنی بۆ دوایین دۆخی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا و ھەنگاوەکانی ناتۆ لە بەرامبەریدا کرد.
ستۆڵتنبێرگ ئاماژە بەوە کرد کە لە میانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ، تاوتوێی ھێرشی سەر مەدەنییەکانی بوچا دەکرێت و گوتی: "رووداوەکان سرووشتی ئەو جەنگە نیشان دەدات کە سەرۆک پوتین بەردەوامی پێدەدات. بە ئامانج گرتنی خەڵکی مەدەنی تاوانی جەنگە".
سکرتێری گشتیی ناتۆ باسی لەوەش کرد کە لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ چاودێری دوایین دۆخی ئۆکراینا دەکەن و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوانەی مەدەنییەکانیان کردووەتە ئامانج سزای پێویست دەدرێن.
- پوتین دەیەوێت کۆنترۆڵی تەواوی ئۆکراینا بکات
یەنس ستۆڵتنبێرگ جەختی لەوە کردەوە کە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا گەیشتووەتە ئاستێکی ھەستیار و گوتی: "رووسیا لە ئێستادا بۆ بەھێزترکردنی یەکە سەربازییەکان و ئاراستەکردنیان بەرەو رۆژھەڵات و باکووری ئۆکراینا دەیانگوازێتەوە. چاوەڕوانی ئۆپەراسیۆنێکی وشکایی گەورە دەکەین".
ستۆڵتنبێرگ راشیگەیاند کە ئامانجی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی دۆنباسە و گوتی: "لەو بڕوایەدا نیین پوتین نیازی کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئۆکراینا پاشگەز بووبێتەوە. بۆیە دەبێت ئامادەکاریی درێژخایەن بکرێت، پاڵپشتیی ئۆکراینا بکرێت، سزاکانی سەر رووسیا بەردەوام بێت و ھێزی بەرگریمان پتەوتر بکەین".
باسی لەوەش کرد جگە لەوە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بابەتی وەکو ستراتیژهکانی ناتۆ بۆ جیھانی نوێ، ئاسایشی سایبەری و گۆڕانکاریی کەشوھەوا دەکەن.
- ھاوپەیمانەکان ھاوڕان لەسەر پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا بە چەکی سووک و قورس
سکرتێری گشتیی ناتۆ لە وەڵامی پرسیاری "جۆری ئەو چەکانە چین کە ناتۆ پاڵپشتیی ئۆکراینای پێدەکات"، گوتی: "ئۆکراینا پێویستی بە ھاوکاریی سەربازیی خێرا ھەیە. لەبەر ئەم ھۆکارە رێککەوتنی ھاوپەیمانانی ناتۆ لەسەر پاڵپشتیی زیاتری ئۆکراینا بە چەکی سووک و قورس گرنگە. لە وێنەی ئەو زیانانەی کە سوپای ئۆکراینا بە یەکە سەربازییەکانی رووسیای گەیاندووە ئەوە دەبینین کە سەرجەم ئەمانە لە رێگەی چەکی دژە تانکانەوە کراون کە ھاوپەیمانەکانی ناتۆ ناردوویەتی. بۆیە پێویستی بە پاڵپشتیی چەکی خێرا ھەیە و چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە ھاوپەیمانەکان لەرێگەی سیستمی جۆراوجۆری چەکەوە ھاوکاریی زیاتری ئۆکراینا بکەن".
یهنس ستۆڵتنبێرگ جەختی لەوە کردەوە کە ناتۆ ساڵانێکە پاڵپشتیی سەربازیی ئۆکراینا دەکات و گوتی: "ئەو بوێرییەی کە سوپای ئۆکراینا نیشانیداوە لەگەڵ ئەو پاڵپشتییانەی کە ناردوومانە ئەنجامی ئەرێنی لە بەرەکانی جەنگدا ھەبووە".