Ömer Tuğrul Çam
17 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2022
برۆکسل-AA
وەزیرانی بەرگریی ناتۆ، بانگەوازیان له رووسیا کرد ھێزەکانی لە ئۆکراینا بکشێنێتەوە و رێگای دیپلۆماتی بۆ دیالۆگ سەبارەت بە ئاسایشی ئەورووپا ھەڵبژێرێت.
لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئهندام له ناتۆ لە بارەگای هاوپهیمانییهكه لە برۆکسل، راگەیهندراوی كۆبوونهوهكه لەسەر دۆخی ئۆکراینا بڵاوکرایەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە ھەست بە نیگەرانییەکی قووڵ لە بەرامبەر کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی رووسیا کراوە و تێیدا هاتووه: "بانگەواز له رووسیا دەکەین کە رێگای دیپلۆماسی ھەڵبژێردرێت و بەپێی بەرپرسیارێتی و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان لە بڕیارەکانی کۆکردنەوەی ھێزەکان پاشگەزبێتەوە و لە ئۆکراینا بیانکێشێتەوە".
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە لەپاڵ بەرپەرچدانەوەی رووسیا، بەردەوامی بە پارێزگاری لە ھەڵوێستی کراوە بەرووی دیالۆگ دەدەن و ئەوە وەبیرھێنراوەتەوە کە چالاکییەکانی رووسیا ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەورووپا-ئەتڵەسی درووستکردووە و لەبەر ئهوه ناتۆ بوونی سەربازیی لە رۆژھەڵات بەھێز کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە:"ئامادەین ھەڵوێستمان لەبەرامبەر بەرگریی و بەرپەرچدانەوە بەھێز بکەین".
ههروهها پاڵپشتی بۆ یەکپارچەیی خاک، سەروەری و سەربەخۆیی ئۆکراینا دووپاتکراوەتەوە و ئەوە نوێکراوەتەوە کە ھەموو وڵاتێک مافی ھەڵبژاردنی رێگای خۆی ھەیە و ھەڵوێستی شەڕانگێزانەی رووسیا لێکەوتەی جددیی دەبێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "ناتۆ و ھاوپەیمانەکانی، بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری رێگای دیپلۆماتی و دیالۆگ، لەسەر ئاستی باڵا دەربارەی پرسەکانی ئاسایشی ئەو رووپا-ئەتڵەسی لەگەڵ رووسیا".
وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئهندام له ناتۆ ئەوەشیان راگەیاند کە ئامادەن بۆ دیالۆگی ئەمنیی ئەورووپی نوێ کە پۆڵەندا وەکو سەرۆکی خولی رێکخراوی ئاسایش و ھەماھەنگیی لە ئەورووپا دەستیپێکردووە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەو پێشنازانەن کە پێشتر سەبارەت بە ئاسایش پێشکەشی رووسیا کراوە.