لاھای
رۆژی ١٦ی ئەیلول بەھۆی شەپۆلە بەتەوژمەکانی دەریای (گراڤێنزاند) لەشاری لاھای ھۆڵەندا، نەھەنگێک کە درێژی ١٦.٥ مەتر دەبێ کەوتووەتە کەناراوەکان، بەڵام لاشەی بووە بەچەن کەرتێکەوە.
تیمی مۆزەخانەی ھۆڵەندا چوونە شوێنی رووداوەکە بە مەبەستی ھەڵگرتنی ئێسکە پەیکەری نەھەنگەکە لە مۆزەخانەدا، لەبەر گەورەیی بڕیاریاندا بیبڕنەوە.
دواتر پێست و چەند پارچەیەکی بە ھۆی ئامێری بەرزکەرەوە لابران، ئیسکە پەیکەرەکەی بەمەبەستی پیشاندان گوازرایەوە مۆزەخانە.
لەکاتی بڕینی نەھەنگەکەدا خەڵکێکی زۆر لە کەناراوی گراڤێنزاند کۆبوونەوەو وێنەی یادگارییان لەگەڵ دەگرت.
شارەزایانی بوارەکە وای بۆ دەچن ئەو نەھەنگە دوو رۆژ پێش ئەوەی بەر کەناراوەکە بکەوێ مردووە.
بەپێی تۆمارەکان لە ١٠٠ ساڵی رابردوو شەپۆلەکان ھەشت نەھەنگیان ھەڵداوەتە کەناراوی گراڤێنزاند.