Hakan Çopur,Mohammed Baqi Hussein
30 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2019
واشنتۆن - AA
سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لە نامەیەكیدا كە بۆ ئەنجوومەنی پیران ناردوویەتی، داوای كردووە ئەو پڕۆتۆكۆڵە واژوو بكەن كە پێشنیازی ئەندامبوونی کۆماری باکووری مەقدۆنیا دەكات لە هاوپەیمانێتیی ناتۆدا.
كۆشكی سپی نامەكەی دۆناڵد ترەمپ-ی بۆ ئەنجوومەنی پیران لەبارەی کۆماری باکووری مەقدۆنیاوە بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە نامەكەیدا ئەو دەقەی وەبیرهێناوەتەوە كە ئەمریكا و هاوبەشەكانی ناتۆ لە كۆبوونەوەكەی شەشی شوباتی 2019 لە بڕۆكسل واژوویان كردبوو و نووسیویەتی، "پڕۆتۆكۆڵی ئەندامبوونی کۆماری باکووری مەقدۆنیا لە ناتۆدا پێشكەش بە ئەنجوومەنی پیران دەكەم بۆ واژووكردن".
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاندووە، ئەگەر ئەو پڕۆتۆكۆڵە واژووبكرێت، دەكرێت کۆماری باکووری مەقدۆنیا ببێت بە ئەندام لە ناتۆدا و نووسیویەتی، "کۆماری باکووری مەقدۆنیا هاوبەشێكی ئەمنیی ئەمریكایە كە دەستبەرداری نابێت و ئەندامێتیی لە ناتۆدا سوود بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ناتۆ دەگەیەنێت".
- پڕۆتۆكۆڵەكە شەشی شوبات واژووكرابوو
شەشی شوبات لە رێوڕەسمێكدا كە لە بارەگای ناتۆ لە بڕۆكسل بەڕێوەچوو، وەزیری دەرەوەی کۆماری باکووری مەقدۆنیا، نۆكۆڵا دیمیترۆڤ پڕۆتۆكۆڵەكەی واژووكردبوو.
لە رێوڕەسمەكەدا سكرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ و نوێنەری هەمیشەیی 29 وڵاتی ئەندام لە ناتۆ ئامادەبوون.
بۆ ئەندامبوونی کۆماری باکووری مەقدۆنیا لە ناتۆدا، پێویستە پڕۆتۆكۆڵەكە لە پەرلەمانی سەرجەم وڵاتانی ئەندام واژووبكرێت و چەند قۆناغێكی یاسایی بگیرێتەبەر. لەبەرئەوە ناردنی پڕۆتۆكۆڵەكە بۆ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا بە هەنگاوێكی گرنگ دادەنرێت.
کۆماری باکووری مەقدۆنیا لەم قۆناغەدا وەك میوان بەشداردەبێت لە كۆبوونەوەكانی ناتۆدا.