Kasım İleri
07 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2018
واشنتۆن - AA
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، جێمس ماتیس رایگەیاند ئەگەر بێت و رووسیا رێککەوتننامە ناوەکییەکان پێشێل بکات ئەوا ئەو کارتەی بەدەست وڵاتەکەیەوەیە کە بریتییە لە مووشەکەکانی کروز کە لە دەریادا جێگیرکراون دووبارە دەیخەنەوە بەرکار و پەرە بە مووشەکی بالیستیی ناوەکیی کەم کاریگەریی دەدەن.
جێمس ماتیس و جێگری سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا، جەنەراڵ پاوڵ سێڵڤا لە لیژنەی خزمەتگوزارییە سەربازییەکانی کۆنگرێس وەڵامی پرسیارەکانی ئەندامانی کۆنگرێسیان دایەوە سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە دۆخی ناوەکیی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨دا و دۆکیومێنتەکانی بەرگریی ستراتیجیی نیشتمانیی ئەمریکا.
لە پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆکیومێنتی لێکۆڵینەوە لە دۆخی ناوەکی سەبارەت بە هۆکاری ''پێشنیازی مۆدێرنیزەکردنەوەی مووشەکە ناوەکییەکانی کروز کە لە دەریادا جێگیرکراون و خستنەوە بەرکاریان و زیادکردنی مووشەکی بالیستیی ناوەکیی کەم کاریگەریی بۆ چەکە ناوەکییەکانی ئەمریکا''، ماتیس رایگەیاند ''بیرۆکەی پشتی ئەمە دەستەبەرکردنی ئەنجامدانی دانوستانێکە لە رووی بەهێزییەوە لە لایەن دانوستانکارانمانەوە''.
جێمس ماتیس جەختی لەوەکردەوە رووسیا رێککەوتننامەی هێزە ناوەکییە ناوەند مەوداکان کە لە ساڵی ١٩٨٧دا واژووکراوە، پێشێلکردووە و مووشەکی بالیستیی ناوەکیی کە ستراتیجیی نیین خستووەتەوە بەرکار و گوتی: ''پێم وانییە رووسەکان بێ ئەوەی شتێک لە لایەن ئێمەوە ببینن، لەو کارە پاشگەزببنەوە کە ئەنجامی دەدەن''.
لە وەڵامی پرسیاری ''ئەگەر هات و رووسیا لەو هەنگاوانە پاشەکشەی کرد کە رێککەوتننامەکە پێشێل دەکات، ئایا ئەمریکا دەستبەرداری خستنەوە بەرکاری مووشەکە بالیستییەکانی جێگیرکراو لە دەریادا و مووشەکی بالیستیی ناوەکیی کەم کاریگەریی دەبێت یان نا''، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی: ''نامەوێت بەر لە دانوستانەکان ئەمە روونبکەمەوە''.
جێمس ماتیس ئاماژەی بەوەدا کە جارێکی تر رکابەرایەتی نێوان هێزە گەورەکان بووەتەوە رۆژەڤ و رایگەیاند ستراتیجییەتی سەرەکی نوێی بەرگری ئەمریکا، جگە لە تیرۆر رکابەرایەتی هێزە .
لە چوارچێوەی پەیماننامەی نیو ستارتدا، (لە ساڵی ٢٠١٠دا هەریەک لە واشنتۆن و مۆسکۆ واژوویان کرد لەبارەی کەمکردنەوەی چەکە ستراتیجییەکان) رووسیا تەنها ئەو چەکە ستراتیجییە ناوەکییانەی کەم کردەوە کە ژمارەکانیان زانراون، هاوشانی ئەم چەکانە، رووسیا سیستەمەکانی تری ناوەکی خۆی تازەکردووەتەوە. مۆسکۆ بۆ پێکدادانی سەربازی، بەرگری لە بیردۆزی گرژی ناوەکی دەکات.
جێمس ماتیس ئاماژەی بەوەش دا کە رووسیا جۆری مووشەکی کروزی ناوەکی خۆی بەرەو پێش بردووە کە لە ئاسمانەوە ئاراستە دەکرێت.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە لەبەرامبەر ئەم هەنگاوانەی رووسیا، پێویستە ئەمریکا بۆ زیادکردنی سنووردانانەکان توانای ناوەکی زیاد بکات و سیستەمەکان نوێ بکاتەوە.