Nuri Aydın
16 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2026
ڕاوێژکاری سیاسی باڵای نوێنەرایەتی هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، مۆرگان ئۆرتاگوس ئاماژهی بهوه كرد كه ئەمریکا پشتیوانی لە حکوومەتی شەرعی یەمەن دەکات، کە ڕووبهڕووی میلیشیا حووسییەکانی یەمەنی پشتیوانكاری ئێران دەبێتەوە.
لە دانیشتنێکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئۆرتاگوس گوتارێكی پێشكهش کرد و، باسی لهوه كرد دۆخی یەمەن لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا خراپتر بووە و، هێزەکانی حووسییەکان بە درێژایی دەریای سوور پێشڕەویان کردووە و بوونی خۆیان لە ناوچەکەدا فراوانتر کردووە.
ئۆرتاگوس باسی لەوە کرد هێرشی حووسییەکان زیانی قورسیان بە هاووڵاتیانی مەدەنی گەیاندووە و زیانی ملیۆنان دۆلاریشیان بە ژێرخانی بەندەرەکان گەیاندووە کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە هاوردەکردنی خۆراک و هاوكاریه مرۆییە سەرەکییەکان بۆ ناوچەکە، هەروەها نزیکەی ١٠٠ هەزار هاووڵاتی یەمەنی لە ناوچەکەدا ئاوارەبوون و ژمارەیەکی زۆریش گیانیان لەدەستداوە.
گوتیشی: "ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشەکانی کار دەکات بۆ پاراستنی ئازادی کەشتیوانی. ئەمریکا پشتیوانی لە حکوومەتی شەرعی یەمەن دەکات کە ڕووبهڕووی میلیشیا حووسییەکانی یەمەنی پشتیوانكاری ئێران دەبێتەوە".
ئۆرتاگوس داوای ئازادکردنی بەپەلەی زیاتر لە ٩٠ کارمەندی خۆجێی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانی لە دەست حووسییەکان کرد و، هۆشدارییدا کە هێرشی سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان هەڕەشە لە ئاسایشی وزەی جیهانی دەکەن و تێچووی گواستنەوە، خۆراک و دەرمان لە جیهاندا بەرز دەکەنەوە.
ههروهها ئۆرتاگوس باسی لهوه كرد کردەی حووسییەکان سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدات و، هێرشە مووشەکی و درۆنییهكانی ئەم دواییە بۆ سەر شارەکان و دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە کە برینداربوونی دەیان کەسی لێکەوتەوە، پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی ئەو وڵاتەیە.
ئۆرتاگوس داوای لە حووسییەکان كرد بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانیان و کشانەوە لەو ناوچانەی دەستیان بەسەردا گرتووە، داواشی لە ئێران کرد دەستبەجێ کۆتایی بە چەکدارکردن و پشتیوانیە داراییەکانی بۆ حووسییەکان بهێنێت کە پێشێلکردنی ڕوونی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.