Ruslan Rehimov
04 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2023
مۆسکۆ - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین باسی لەوە کرد کە لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە جەنگی تێکەڵاو دژبە رووسیا بەڕێوەدەبرێت و بە پێوانەیەکی بێ وێنە سزای ناشەرعییان سەپاندووە و گوتی: ''رووسیا بە متمانەوە بەرگریی دەکات دژبە گوشار، سزا و ئیستفزازییە دەرەکییەکان''.
ڤلادیمیر پوتین لە میانی بەڕێوەچوونی لووتکەی رێکخراوی هاریکاری شەنگهای کە بە ئۆنلاین لە هیندستان بەڕێوەدەچێت، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆکی رووسیا باسی لەوە کرد کە رێکخراوی هاریکاری شەنگهای لەسەر بنەمایەکی بنیاتنەر دروست بووە و هەتا دێت رێکخراوەکە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا رۆڵێکی گرنگتر دەبینێت و بەشداری راستەقینە دەکات لە پاراستنی ئاشتیی، سەقامگیریی و دەستەبەرکردنی گەشەی ئابووریی بەردەوامی وڵاتانی ئەندام و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گەلان.
پوتین جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە جیهاندا ململانێ جیۆپۆلۆتیکەکان توند بوونەتەوە، سیستمی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بەردەوام لە تێکچووندایە، بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرز بەشێوەیەکی ناکۆنترۆڵ لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا مەترسییەکانی ئابووریی جیهانی و قەیرانی دارایی زیادیان کردووە، دابەشبوونی کۆمەڵایەتیی و هەژاریی رووی لە هەڵکشان کردووە و ئاسایشی خۆراک و ژینگە بەرەو خراپی چووە و گوتی: ''هەموو ئەم کێشانە بوونە هۆی زیادبوونی بەرچاوی پێکدادان. رووسیا راستەوخۆ هەستی بە هەموو ئەمانە کرد لەسەر خۆی''.
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین باسی لەوە کرد کە هێزە دەرەکییەکان ماوەیەکی زۆرە پرۆژەی دروستکردنی دەوڵەتێکی دژبە رووسیایان لە وڵاتی دراوسێی کە ئۆکراینا جێبەجێ کردووە و گوتی: ''هەموو ئەمانە بەمەبەستی خستنە مەترسیی ئاسایشی رووسیا و رێگریکردن لە گەشەسەندنی دەکەن. جەنگی تێکەڵاو دژبە رووسیا بەڕێوەدەبرێت و بە پێوانەیەکی بێ وێنە سزای ناشەرعییان سەپاندووە. رووسیا بە متمانەوە بەرگریی دەکات دژبە گوشار و سزا و ئیستفزازییە دەرەکییەکان''.
ڤلادیمیر پوتین ئەوەیشی خستەڕوو کە وڵاتەکەی بەشێوەیەکی سەقامگیری بەردەوام پێشکەوتووە و گەلی رووسیا بەشێوەیەک یەکگرتووە کە پێشتر وێنەی نەبووە و بازنە سیاسییەکان و کۆمەڵگە یەکڕیزییان لە دژی هەوڵی یاخیبوون (ی ڤاگنەر) نیشان دا.
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین سوپاسی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاری شەنگهای کرد بۆ پشتیوانیان لە حکوومەتی رووسیا و گوتی: ''ئامانجمان ئەوەیە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەندامانی رێکخراوی هاریکاری شەنگهای قووڵ بکەینەوە. ساڵی رابردوو قەبارەی بازرگانیی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەندام لە رێکخراوەکە سەدا ٣٧ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢٦٣ ملیار دۆلار کە ئاستێکی پێوانەییە''.